زۆربه‌ی ئه‌فسه‌ره كورده‌كان سوپای عێراق به‌جێ دێڵن و ده‌چنه ریزی پێشمه‌رگه‌وه

له سه‌ره‌تاكانی ساڵی 2010دا هه‌ڵمه‌تێكی رێكخراو له دژی سه‌رباز و ئه‌فسه‌رانی كورد له ریزه‌كانی سوپای عێراق له مووسڵ له‌لایه‌ن عه‌ره‌به شۆڤینییه‌كانه‌وه ده‌ستی پێ كرد، ئه‌ویش به گواستنه‌وه‌ی سه‌رباز و ئه‌فسه‌رانی كورد بۆ شوێنی دوور و هه‌روه‌ها به‌رزنه‌كردنه‌وه‌ی پله‌ی ئه‌فسه‌ران، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رباز و ئه‌فسه‌رانی كورد ناچار بكرێن و ریزی سوپا جێ بێڵن و زۆرترین ژماره‌یان ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه و زێره‌ڤانی هه‌ڵبژێرن، به‌پێی گوته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كیش نزیكه‌ی 90% ئه‌فسه‌رانی كورد ریزی سوپایان جێ هیشتووه و ئێسته له‌ریزی پێشمه‌رگه‌دان.
له‌وباره‌یه‌وه مولازم هه‌ڵكه‌وت كه ئێسته له ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌دایه بۆ (باس) گوتی، چه‌ندین ساڵ له‌ناو ریزه‌كانی سوپای عێراقدا بووم، به‌ڵام هه‌میشه سه‌رباز و ئه‌فسه‌رانی كورد له‌ژێر فشاردا بوون. له سه‌ره‌تای ساڵی 2010وه هه‌ڵمه‌تێكی رێكخراو له‌لایه‌ن عه‌ره‌به شۆڤینییه‌كان بۆ ناچاركردنمان تا ریزه‌كانی سوپا جێ بێڵین ده‌ستی پێ كرد و به‌رده‌وامیش زیاتر ده‌بوو.
هه‌روه‌ها گوتی، ماوه‌یه‌ك كاتی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زۆرێك له ئێمه‌ی ئه‌فسه‌رانی كورد هاتبوو، به‌ڵام به‌بێ هیچ هۆیه‌ك بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ جێبه‌جێیان نه‌كرد، من له كۆتاییدا گه‌یشتمه ئه‌و بڕوایه‌ی كه له‌ناو ریزه‌كانی سوپای عێراقدا پێش ناكه‌وم، بۆیه ریزه‌كانی سوپام جێ هێشت و هاتمه ریزی پێشمه‌رگه له هێزی تایبه‌تی زێره‌ڤانی.
هه‌روه‌ها مولازمی یه‌كه‌م (د) له فه‌رمانده‌یی جموجۆڵی هێزه‌كانی سوپای عێراقیش له‌وباره‌یه‌وه رای گه‌یاند، پێشتر ئه‌و به‌تالیۆنه‌ی من تێیدا بووم له 42 ئه‌فسه‌ردا ته‌نیا دوو عه‌ره‌ب هه‌بوون، به‌ڵام ئێسته ره‌وشه‌كه پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه و ته‌نیا دوو ئه‌فسه‌ری كوردی تێدا ماوین، ئه‌ویش به‌هۆی فشاره‌كانی عه‌ره‌به شۆڤینییه‌كان، هه‌روه‌ها پێشتر ئه‌فسه‌ری كورد زۆرینه بوون له فیرقه‌ی دوو، به‌ڵام ئێسته رێژه‌یان ناگاته 10%.




