روفاتی نزیکه‌ی سه‌د و شه‌ست ئه‌نفالکراوی گه‌رمیان ده‌هێندرێته‌وه

وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌کاری بۆ هێنانه‌وه‌ی روفاتی 159ئه‌نفالی دیکه‌ی گه‌رمیان ده‌کات.
فوئاد عوسمان وته‌بێژی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌وباره‌یه‌وه به په‌یامنێری راگه‌یاندووە: "له وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان بۆ وه‌رگرتنه‌وه و ناشتنی روفاتی ئه‌نفالکراوانی زنجیره چیای حه‌مرین که زۆربه‌یان خه‌ڵکی گه‌رمیانن، لیژنه‌یه‌کمان پێکهێناوه، هه‌روه‌ک لیژنه‌یه‌کی باڵا له چه‌ند راوێژکار و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پێکهاتووه سه‌ردانی ئیداری گه‌رمیانی کردووه و له نزیکه‌وه له‌گه‌ڵیاندا گفتوگۆیان کردووه، له‌سه‌ر واده و به‌رنامه‌ی وه‌رگرتنه‌وه و ناشتنی روفاتی 159ئه‌نفالکراوی زنجیره چیای حه‌میرین."
فوئاد عوسمان گوتی: سه‌ردانی لیژنه‌که‌ش ته‌نها بۆ دیاریکردنی واده‌ی ناشتنی ئه‌و 159ئه‌نفالکراوه‌یه، بۆیه هه‌رکات لیژنه‌ی وه‌زاره‌تمان له‌گه‌ڵ ئیداری گه‌رمیاندا گه‌یشتنه ئه‌و بڕیاره که ناشتنی روفاتی ئه‌نفالکراوه‌کانی زنجیره چیای حه‌مرین به چ شێوه‌یه‌ک بێت، ئه‌وکات رێوڕه‌سمی ناشتنی ئێسک و پروسکی ئه‌و ئه‌نفالکراوانه به‌شێوه‌یه‌کی شکۆمه‌ندی له گه‌رمیان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.




