٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانى: هه‌رێمى كوردستان ده‌رگایه‌كه‌ بۆ چوونه‌ ناو بازاڕى عیراق و بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و بازرگانییه‌كان

سەرچاوە: KDP.info

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 12ى ئابى 2012 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ (نی جیان) باڵیۆزی كۆماری چینی میللی له‌ عێراق كرد. له‌ دیدارێكدا كه‌ فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، باڵیۆزى چین خۆشحاڵیى خۆى به‌م سه‌ردانه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و سه‌رسامیى خۆى به‌و‌ پێشكه‌وتنانه‌ى له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان هاتوونه‌ته‌ ئاراوه؛‌ نیشان دا.

له‌ دیداره‌كه‌دا باڵیۆزى چین پابه‌ندیى وڵاته‌كه‌ى به‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عیراق و له‌ چوارچێوه‌ى عیراقیشدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه، به‌ تایبه‌تیش په‌یوه‌ندى له‌ بوارى زانستى، كولتوورى، بازرگانى و ئابووریدا. باڵیۆزى چین ڕاشیگه‌یاند كه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێ هانى كۆمپانیا چینییه‌كان بده‌ن بۆ به‌شداریكرن له‌ پرۆسه‌ى گه‌شه‌سه‌ندن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عیراق و كوردستان و ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ ئێستا چه‌ند كۆمپانیایه‌كى چینى له‌ هه‌رێمى كوردستان چالاكن.

باڵیۆزى كۆمارى چین له‌ عیراق تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان و به‌ تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانى‌ په‌ره‌پێدان و ڕاهێناندا، ئێستا خه‌رێكى لێكۆڵینه‌وه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى وڵاته‌كه‌یان له‌ هه‌ێمى كوردستان تا به‌ هۆیه‌وه‌ بتوانن په‌یوه‌ندى و هاتوچۆى نێوان هه‌ردوولا باشتر و فراونتر بكه‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵیى خۆى بۆ سه‌ردانى باڵیۆزى كۆمارى چین، سه‌ردانه‌كه‌شى به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا و داواى كرد كه‌ به‌رده‌وام سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن و ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان به‌ره‌وپێش ببه‌ن. هه‌روه‌ها ئاماده‌یى و پێشوازیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ فراوانكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمارى چین له‌و بوارانه‌دا كه‌ جێى بایه‌خى هه‌ردوولان، به‌ تایبه‌تیش بواره‌كانى پیشه‌سازى، كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار دووپات كرده‌وه‌.

له‌پێناو باشتركردنى په‌یوه‌ندیى هه‌ردوولاش، سه‌رۆكى حكوومه‌ت بیرۆكه‌ى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى چینى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌نگاوێكى گرنگ دانا و پێشوازى و‌ پشتگیریى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ دووپات كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند "په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ كۆمارى چین جێى بایه‌خى ئێمه‌یه‌ و هه‌رێمى كوردستان ده‌رگایه‌كه‌ بۆ چوونه‌ ناو بازاڕى عیراق و بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و بازرگانییه‌كان".

هەواڵی پەیوەندیدار