٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسرور بارزانی: لاوانی کوردستان هێزێکی کاریگەرن بۆ باشترکردنی دۆخی ئێستای وڵات

سەرچاوە: KDP.info

لەپەیامێكدا مەسروربارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانیی لاوانەوە، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرجەم لاوانی جیهان بە گشتی و لاوانی کوردستان بە تایبەتی دەکات، ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:


بە بۆنەی رۆژی جیهانیی لاوان، پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی سەرجەم لاوانی جیهان بە گشتی و لاوانی کوردستان بە تایبەتی دەکەم.

لاوان گەورەترین سەرمایەی ئێستای کۆمەڵگاکانن و بە توانا و کار و تێکۆشانیان ئایندەی وڵاتان مسۆگەر دەبێت. لاوانی کوردستانیش هێزێکی کاریگەرن بۆ باشترکردنی دۆخی ئێستای وڵات و هەنگاونان بەرەو ئایندەیەکی گەش.

ئێستا ناوچەکەمان بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، زۆر گرنگە گشت کەرت و چین و
توێژەکانی کۆمەڵگاکەمان بە پاڵنەری هەستی نیشتمانپەروەریەوە یەکڕیز و تەبا بن، ئەرکی حکومەت و گشت پێکهاتە سیاسی و جەماوەری و پیشەییەکانی کوردستانیش ئەوەیە، ڕۆلی کارایان هەبێت بۆ پاراستنی ئەو یەکڕیزییە. لەم بەینەشدا ڕۆلی لاوان بەرجەستەترە و ئاواتەخوازین کە لە گشت سەنگەرەکانی سیاسی و ئابووری و پیشەیی و پێشمەرگایەتیدا چالاکانە ڕۆل بگێڕن و بە هێز و توانایان دەسکەوتەکانی وڵاتمان بپارێزن و پەرەیان پیبدەن.

هەر لەم بۆنەیەدا پاڵپشتیی خۆم بۆ گشت داوا و خواستەکانی گەنج و لاوانمان لە دابینکردنی کار و پێداویستیەکانی ژیانێکی شایستە دەردەبڕم و ئاواتەخوازم بە پەیڕەوکردنێکی سیاسەتێکی ئابووری و ئیداریی سەرکەوتوو بتوانرێت گشت پێداویستیی گەنجان لە بوارەکانی پێگەیاندنی هزری و جەستەیی بە یەکسانی بۆ گشت لایەک دابین بکرێت و هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتیش بە بەرنامە هەلی زیاتر برەخسێنن بۆ دابینکردنی کار بۆ لاوان و سوود وەرگرتن لە تواناکانیان.

هەر لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی و دەستخۆشانە و پێزانینی خۆم ئاراستەی گشت ئەو یەکێتی و کۆمەڵە و رێکخراو و سەنتەرانە دەکەم کە بە دلسۆزییەوە لە بواری خزمەتی لاوانمان چالاکن. ئومێدی سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم.

مەسرور بارزانی
١٢/٨/٢٠١٢

هەواڵی پەیوەندیدار