بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا: سوپای عێراق لە سەعدیە و جەلەولا کشایەوە

دوای ئەوەی هێزێکی سوپای عێراق لە ناوچەکانی سەعدیە و جەلەولا جێگیربوون، بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا ئاماژە بە کشانەوەی ئەو هێزانە دەکات کەچی فەرماندەی فەوجێکی ئەو ناوچەیە هاتنی ئەو هێزانە رەت دەکاتەوە.
عەقید عیرفان حەمەخان، فەرماندەی فەوجی 1ی سەر بە لیوای 3ی هێزی پێشمەرگە بە (رووداو)ی راگەیاندوه ئێمە وەک فەوجی 1 بازگەمان لە چوارڕێیانی جەلەولا- سەعدیە- خانەقین هەیە و تا ئێستا هیچ سنوور بەزاندنێکمان لە لایەن سوپای عێراقەوە نەبینیوە. سوپای عێراق لە هەر لە سنووری خۆیان لە گوندەکانی خوارەووی سەعدیە ماونەتەوە .
کەچی ئەنوەر حوسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا لەو بارەوە به (رووداو)ی راگەیاند وه شەوی 7 لەسەر 8 فەوجێکی سوپای عێراق به یارمەتی کەتیبەیەک هاتنە ناو هەردوو ناحیەی سەعدیە و جەلەولا بە مەبەستی پشکنین و بەدواکەوتن بۆ گومانلێکراوان و تۆمەتباران و لە سنووری جەلەولا نزیکەی 15 کەسیان بەپێی مادەی 4ی ئیرهاب دەستبەسەر کرد .
ئەنوەر حوسێن راشیگەیاند "ئەو هێزە شەوی پێنج شەممەی رابردوو دەستیان کرد به پاشەکشەکردن و هێزێکی پۆلیسی فیدڕاڵی شوێنی ئەو هیزەی سوپایان گرتەوە".
بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا گوتیشی به دووری 5 کیلۆمەتر لە باکووری جەلەولا، لیوای 3ی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە سەقامگیرن و بەپێی دەستووری بنچینەیی عێراق، هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەیەکەوە بەشێکن لە سیستەمی بەرگری عێراق. هەر بۆیە واباشترە ئەو جۆرە کارانە لە ناوچەدابڕاوەکان به راوێژ و ئاگاداری هەردوو لایەن ئەنجام بدرێت پێویستە هەردوو هێزەکە بێن بەڵام هێزی پێشمەرگە تا ئێستا لەخوارووی زاڵگەی نەقشبەندی باڵادەست نییە و سوپای عێراق بە تەنها لەو ناوچانەدایە .
هێزی پێشمەرگە تا ساڵی 2008 لە سنووری ناوچەکانی سەعدیە، جەلەولا و قەرەتەپە جێگیربوو بەڵام دوای هاتنی سوپای عێراق بە پاساوی شەڕ لەگەڵ تیرۆریستان، پاشەکشەی به هێزەکانی پێشمەرگە کرد.




