٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هیچ پڕۆژەیاسایەكی دەستەی نیشتمانیی دانوستان قسەی لەسەر نەكراوە

سەرچاوە: Hewler

هێشتا هیچ پڕۆژەیاسایەك بۆ پێكهێنانی دەستەی نیشتمانیی دانوستان قسەی لەسەر نەكراوە، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن پڕۆژەیەكی هەیە و بەم زووانە حكوومەتیش پڕۆژەیەكی دەبێت. پێكهاتەی دەستەكە سیاسی بێت یان تەنیا نوێنەرانی لایەنەكانی تێدا بێت و بە یاسا ڕێك خرابێت، جێگەی مشتومڕی ئۆپۆزیسیۆن و دەستەڵاتە.

سیاسی یان یاسایی
هێشتا قسەكردن لە بارەی دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای دانوستانـەوە، لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەكاندایە و پەرلەمان و حكوومەت و لایەنەكان نەچوونەتە ناو وردەكارییەكانەوە. كۆمەڵێك بۆچوون لە بارەی پێكهاتەی ئەنجوومەنەكە و چۆنیەتیی كاركردنییەوە خراونەتە ڕوو.

گرنگترینیان ئەوەیە كە یەكێتی و پارتی پێشنیازیان كردووە ئەنجوومەنەكە لە شێوەی دەستەی سیاسی بێت و سەرۆكی هەرێم و حكوومەت و پەرلەمان و كەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكانی ناو پەرلەمانی تێدا بێت، بەڵام لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن ڕایەكی دیكەیان هەیە.

پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاسۆ كەریم پێی وایە ئەمە یەكێكە لەو كۆمەڵە بیرۆكەیەی كە بۆ ئەنجوومەنەكە خراونەتە ڕوو، بەڵام بە پێویستی دەزانێت تا ئەو كاتەی حكوومەت پڕۆژەكەی دەخاتە ڕوو هیچ بیرۆكەیەك پێشكەش نەكرێت، چونكە لە بنەڕەتدا پێكهێنانی ئەنجوومەنەكە بیرۆكەی حكوومەتە و دەبێ پڕۆژەی خۆیان هەبێت و بۆ پەرلەمانی بنێرن.

پەرلەمانتاری گۆڕان كاردۆ محەممەد باس لەوە دەكات كە ڕای ئۆپۆزیسیۆن وا بوو كە نوێنەرانی لایەنەكان بە یاسا لە ئەنجوومەنەكەدا بن و پێویست ناكات دەستەیەكی سیاسی لە دەرەوەی ئەنجوومەنەكەدا هەبێت؛ یان تەنیا نوێنەرانی ئەو لایەنانەی تێدا بێت كە لە بەغدا نوێنەریان هەیە پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو و لەسەر بنەمای لێهاتووییش بێت.

پڕۆژەیاسا
لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی كوردستان، پڕۆژەیاسایەكی هەژدە ماددەییان بە ناوی پڕۆژەیاسای دەستەی نیشتمانی بۆ دانوستان پێشكەش كردووە، بەڵام هێشتا قسەی لەسەر نەكراوە.

وەلێ هەر پڕۆژەیەك بخرێتە ڕوو، دەبێ ئەم خاڵانە لە خۆ بگرێت: ئامانجەكان، دەستەكە لە كێ پێك بێت، ئەركەكان، دەستەڵاتەكان، بە بڕیار بێت یان بە یاسا، سەر بە كوێ بێت، بە چ میكانیزمێك كار بكات، نوێنەری گشت حزبەكانی تێدا بێت یان تەنیا حزبەكانی پەرلەمان، .... بە ڕای ئاسۆ كەریم دەبێ دەستەكە بخرێتە چوارچێوەیەك و بە یاسا یان بە بڕیارێك ڕێك بخرێت؛

بەڵام تا ئەو كاتەی حكوومەت پڕۆژەی دەبێت، بیرۆكە نەخرێتە ڕوو.
بە گوتەی كاردۆ محەمەد هێشتا پڕۆژەكەی ئۆپۆزیسیۆن و هیچ پڕۆژەیەكی دیكە قسەیان لە بارەوە نەكراوە، بەڵام هەمووان لەسەر پڕۆژەیەك كۆكن و دەكرێت لە كاتی گفتوگۆكاندا ئەو پڕۆژەیە دەوڵەمەندتر بكرێت كە قسەی لێوە دەكرێت.

بایەخی دەستەكە
ئەم ئەنجوومەنەی دانوستان كە پێك دەهێنرێت، ئەزموونێكی كەمە لە دنیادا و لە فەلەستین دەستەیەكی لەم شێوەیە بۆ دانوستان بوونی هەیە. لە ماوەی ڕابردوودا، چەندین جار گرژی لە نێوان لایەنەكانی هەرێم و بە تایبەتیش دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا دروست بووە لەسەر ئەوەی كە كێشەكانی هەرێم و بەغدا بە شەخسی كراون.

دوایین ڕەخنە لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە لە سەرۆكی هەرێم گیرا لەسەر مەسەلەی لادانی نووری مالیكی لە پۆستەكەی كە بڕیارەكانی تاكلایەنە بوون. پەرلەمانتارەكەی گۆڕان، پێی وایە ئەم دەستەیە یەكڕیزیی هەرێم لە تەماشاكردن و چارەكردنی گرفتەكان دێنێتە ئاراوە؛ هەروەها گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا بە دۆكیومێنت دەكرێن و ڕێككەوتنی هەموو لایەنەكانی تێدا دەبێت.

بە ڕای ئاسۆ كەریم بایەخەكە لەوەدایە كە تێڕوانینەكان یەك دەخرێن بۆ چارەكردنی گرفتەكان و ئەوە ڕوون دەبێتەوە كە كێشەكان بە تەنیا پێوەندییان بە ئۆپۆزیسیۆن یان بە دەستەڵاتەوە نییە، بەڵكوو بە هەمووانەوە هەیە. هەروەها دەستەكە بۆ ئەوەیە لایەك بە تەنیا بەرپرسیارەتییەكان هەڵنەگرێت و هیچ لایەك، لایەكەی دیكە بەوە تۆمەتبار نەكات كە پرس بە كەس ناكات.
 

هەواڵی پەیوەندیدار