بههۆی ناكۆكییهكانی عێراقییه و دهوڵهتی یاساوه ههڵبژاردنی ئهنجوومهنی پارێزگاكانی عێراق دوا دهكهوێت

گوتەبێژی فڕاكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق موئەیەد تەییب لە لێدوانێكدا هێما بۆ ئەوە دهکات كە هۆكاری سەرەكیی دواخستنی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، لیستی دەوڵەتی یاسا و عێراقییەیە.
ئەو كێشەكان دەباتەوە بۆ رێكنەكەوتن لەسەر دیاریكردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیۆن و لەم بارەیەوە روونی دەكاتەوە: "دواخستنی هەڵبژاردنەكان بە هۆی رێككنەكەوتن بوو لەسەر یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و بە تایبەتیش ژمارەی كۆمیسیارانی، كە ئەم نەگەییشتنە بە رێككەوتنەیش لە نێوان هەردوو لیستی عێراقییە و دەوڵەتی یاساوە بووە، هەریەكەیان بۆچوونێكیان هەبوو لەسەر دانانی كەسەكان."
ئەو دهڵێت که پێشتر ڕێك كەوتن كە ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیۆن 9 كەس بمێننەوە، 4ـیان بۆ هاوپەیمانیی نیشتمانی، 3 بۆ عێراقییە بە مەرجێك توركمانێكیان تێدا بێت و 2یشیان بۆ كورد، ئەگەرچی مەسیحییەكانیش داوای نوێنەریان دەكرد، بەڵام به باوهڕی موئهیهد تهییب كێشەكە ئەوە بوو لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانی دەیانگوت دەبێت توركمانەكەی لیستی عێراقییە شیعەمەزهەب بێت و عێراقییەیش سوور بوو لەسەر ئەوەی سونەمەزهەب بێت.
سەرەتای ئەم مانگە سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق فەرەج حەیدەری دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقی بۆ نیسانی ساڵی 2013 راگەیاند كە سێ مانگ لە وادەی خۆی دوا خراوە.
حەیدەری هۆكارەكەیشی گەڕاندەوە بۆ تەرخاننەكردنی پێشینە كە 10 ملیۆن دۆلارە لە لایەن ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ جێبەجێكردنی پلان و ئامادەكارییەكان، هەروەها دواكەوتنی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر فڕاكسیۆنی گۆڕان كوێستان هەمەوەندی دواخستنی هەڵبژاردنەكانی خستە ئەستۆی لیستە گەورەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە و گوتی ئەوان دەیانویست ''ستەم'' لە لیستە بچووكەكان بكەن، چونكە سوور بوون لەسەر ئەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیۆن تەنیا 9 كەس بن بۆ ئەوەی لە نێوان خۆیاندا دابەشی بكەنەوە وەكوو پێشوو.
هەمەوەندی كە مەبەستی لە قسەكانیدا وەكوو روونی كردەوە هاوپەیمانیی نیشتمانی و عێراقییە و هاوپەیمانیی كوردستانی بوو، گوتیشی: "ئێمە لەناو پەرلەمانی عێراقدا چەند كوتلەیەك بووین لە نێویشیاندا سەدرییەكان، دەمانویست ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیۆنی ببێتە 15 كەس، بۆ ئەوەی زیاتر نوێنەرایەتیی خەڵك بكات، بەڵام ئەو سێ لیستە بەمە رازی نەبوون، هەر بۆیەیش بوونە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەكان."
كوێستان هەمەوەندی كە ئیمزای 54 پەرلەمانتاری بۆ درێژكردنەوەی كارەكانی كۆمیسیۆن بۆ 35 رۆژی دیكە كۆ كردەوە، دەیشڵێت: "باوەڕ ناكەم پاش ئەو ماوەیەیش ئەو لیستانە بگەنە ڕێككەوتن."
لە ساڵی 2005ـدا، یەكەمین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە چوو. لە 2009ـیش لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بە بێ كەركووك و هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو و تێیدا لیستەكەی مالیكی سەركەوتنی لە 10 لە كۆی 14 پارێزگای عێراقدا بە دەست هێنا.
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر فڕاكسیۆنی دەوڵەتی یاسا، بە دووری زانی دواخستنی هەڵبژاردنەكان "پیلان"ـی لیستەكەی ئەوان بێت كە سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی سەرۆكایەتیی دەكات و گوتی ئهوان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن بكرێت و ''ترسیشیان'' لە خۆیان نییە دەرنەچن، بەڵام بە هۆی سووربوونی ئەوانی دیكە بەتایبەت لیستی عێراقییەوەیە، نەیانتوانیوە بگەنە ئەنجام.
گوتیشی: "كۆمیسیۆنی ئێستا ناتوانێت هەڵبژاردنەكان بكات و پێمان باشە بگۆڕدرێن، بۆیە كێشەكە ئێمە نین."
ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا بۆ "هەولێر" روونیشی كردەوە: "ئێمە لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نەبووین، هۆكارەكە عێراقییەیە."
لەگەڵ ئەوەیشدا گوتی كە دواخستنەكە كاتێكی زۆر نییە و مەبەست لێی "بۆ تاوتووكردنی زیاتری بابەتی كۆمیسیۆن و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەكەیەتی و گەییشتنە بە رێككەوتن."
لە یەكێك لە بڕگەكانی هەمواركردنەوەی دووەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقدا، ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە كورسیی بەتاڵ بۆ ئەو لیستانە دەچێت كە بەهێزترن و خاوەنی كورسیی زۆرترن، ئەمەیش بە "ناهەقی بەرانبەر بە كوتلە بچووكەكان" دادەنرێت.
سەركردەی لیستی عێراقییە زیاد زەرب ئەو قسانەی هاوكارەكەی لە لیستی دەوڵەتی یاسا بە توندی رەت كردەوە و ترسی لیستەكەیشی نەشاردەوە لەوەی دواخستنی هەڵبژاردنەكان بكرێتە چەكێك بۆ بەكارهێنانی لە دژی نەیارەكان لە لایەن مالیكیـیەوە. روونیشی كردەوە: "هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق حەوت ساڵە لە هەندێك شوێن نەكراوە و زیاتر لە جارێكیش دوا خراوە، دوور نییە ئەمە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دووبارە بكەنەوە."
زەرب كە پەرلەمانتاری عێراقییەیە و تووڕەیی لە دواخستنی هەڵبژاردنەكان لە قسەكانیدا بە روونی رەنگی دابوویەوە، گوتیشی: "ئەوەی بووەتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەكان و كاریشی بۆ كردووە حكوومەتە كە لە لایەن دەوڵەتی یاساوە هەڵدەسووڕێت و پلانی پێشوەختەی مالیكی و دەوڵەتی یاسایە."
سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق فەرەج حەیدەری لە لێدوانێكی تایبەتدا بە "هەولێر"ـی راگەیاند كە هۆكاری دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بە پلەی یەكەم "حكوومەتی عێراقە، چونكە پارەی بۆ دابین نەكردووین."
26ـی مانگی رابردوو، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی ڕەت كردەوە و راگەیاند: "بە هیچ شێوەیەك نابێت ئەوە ببێت."




