٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەش بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنى باڵاى دانوستان بەرێوەچوو

سەرچاوە: KDP.info

دوای ئەوەی رۆژی دووشەمەی رابردوو 6/8/2012 لەسەر پێشنیاری حکومەتی هەرێم و بەسەرپەرشتی پەرلەمانی کوردستان و کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بۆ پێکهێنانی (ئەنجومەنى باڵاى دانوستان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ) بەرێوەچوو و تیایدا بڕیاردرا لیژنەیەک لەسەرۆکى فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى کوردستان و نوینەرانى فراکسیۆنە کوردستانیەکان لەئەنجومەنى  نوینەرانى عیراق و حکومەتى فیدرالى ونوێنەرى حکومەتى هەرێم پێک بێت، سەعات 10ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 11/8/2012 ئەم لیژنەیەی بڕیاری لەسەردرابوو لەپەرلەمانی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا.

لەکۆبوونەوەکەدا کەبەسەرپەرشتی د.ئەرسەلان بایز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەبوونی د. رۆژ نوری شاوێس جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی  عیراق و د. حەسەن محمد سوورە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و فەرسەت ئەحمەد سکرتێری پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆن و پێکهاتەکانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و د.محمد ئیحسان نوێنەری حکومەتی هەرێم لەبەغداو سەعد خالد رێکخەری نێوان حکومەت و پەرلەمانی کوردستان ئامادەیبوون، سەرەتا د.ئەرسەلان بایز بەناوی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کردوو رایگەیاند: خۆشبەختانە لەکۆبوونەوەی دووشەممەی رابردوو هەمولا لەسەر پێکهێنانی ئەو ئەنجومەنە کۆکبووین و لیژنەیەکیش بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنەکە پێکهات، ئەمڕۆش کەیەکەم کۆبوونەوەی ئەو لیژنەیە بەرێوەدەچێت سەرۆکی پەرلەمان پێشنیاری کرد لەکۆبوونەوەکەدا میکانیزیمی چۆنیەتی دانانی ئەو هەیئەتە و  چۆنیەتی دارشتنی پرۆژە یاسایەک  کەپەرلەمان و حکومەت بەیەکەوە دایبرێژن بکرێتە ئەجیندای کۆبوونەوەکە.
دواتر بەگشتی قسە لەسەر چۆنیەتی پێکهێنان و رۆڵ و ئەرک و ئامانجی  ئەنجومەنەکە لەهەردوو رووی یاسایی و سیاسیەوە کرا، بەشداربووان تەئکیدیان کردەوە کە ئەو ئەنجومەنە بەیاسا لەپەرلەمانی کوردستان دروست بکرێت و تەئکیدیشیان لەسەر سوود وەرگرتن لەبیروبۆچوونەکانی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە و ئەو پرۆژانەش کردەوە کەلەبەردەستە و داواشیان کرد بەسوود وەرگرتن لەگفتوگۆکانی هەردوو کۆبوونەوەکە حکومەت پرۆژە یاسایەک پێشکەشی پەرلەمان بکات.
کۆبوونەوەکانیش بۆ گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پرۆژە یاسایەکی هاوبەش بەردەوام دەبێت و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش لایەنە پەیوەندیدارەکان لەکۆبوونەوەی داهاتوو ئاگادار دەکاتەوە.

رۆژی دووشەمەی رابردووەسەر پێشنیاری حکومەتی هەرێم و بەسەرپەرشتی پەرلەمانی کوردستان 6/8/2012 کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بۆ پێکهێنانی (ئەنجومەنى باڵاى دانوستان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ)  بەئامادەبوونی نوێنەرانی سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لەئەنجومەنی نوێنەران و عیراق و پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی فیدرالی و حکومەتی هەرێم بەرێوەچوو و تیایدا بریاردرا:
- بەدامەزراندنى ئەنجومەنى باڵاى دانوستان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ بۆ ئەوەى ببێتە دامەزراوەیەکى نیشتمانى بۆ بەرێوەبردن و چاودێرى کردن و ئەنجامدانى گفتۆگۆ لەگەڵ حکومەتى بەغدا لەسەر ئەو پرسە چارەنووسسازانەى پەیوەستن بە بەرژەوەندیە بالاکانى هەرێمى کوردستانەوە.
- بەپێکهێنانی لیژنەیەک لەسەرۆکى فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى کوردستان و نوینەرانى فراکسیۆنە کوردستانیەکان لەئەنجومەنى  نوینەرانى عیراق و حکومەتى فیدرالى ونوێنەرى حکومەتى هەرێم پێک بێت، بۆ دیراسەکردن و چۆینەتى پیکهینانى  ئەو ئەنجومەنە.

هەواڵی پەیوەندیدار