نوێنەرێکی کورد: کورد ڕێگر نەبووە لە دەنگدان لەسەر یاسای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان
پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەهۆی بوونی ناکۆکی لایەنەکانی ناو ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق دەنگدان لەسەری دواخراوە بۆ پاش جەژنی قوربان، نوێنەرێکی کوردیش رایدەگەیەنیت, کورد هیچ کێشەیەکی نەبووە و ڕێگر نەبووە لەبەردەم دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکە بەڵکو کێشە لەنێوان دەوڵەتی یاساو لیستی عێراقیەدا هەبووە.
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلیستی هاوپەیمانی کوردستانی قاسم محەمەد بە پەیامنێری راگەیاندووە:"ناکۆکی زۆر هەیە لەسەر پڕۆژە یاسای هەمواری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمەش لەکاتێکدایە کەتاکو ئێستا سێ جار کارەکانی ئەو کۆمیسیۆنە درێژ کراوەتەوەو تاکو ئێستا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتن بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت."
محەمەد گووتی:"زۆر هەوڵ و تەقەلا درا بۆئەوەی یاساکە تێپەڕێنرێت بەڵام نەتوانرا هەر بۆیە لە کاتژمێرە کۆتاییەکاندا بۆ جارێکی دیکە کارەکانی کۆمیسیۆن درێژکرایەوە تاکو لایەنەکان ڕێکەوتنی لەسەردەکەن."
ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆئەوەشکرد:"ئێمە وەکو کورد هیچ کێشەمان نەبووەو ڕێگریشمان نەکردوە لە دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکە بەڵکو هەریەک لە دەوڵەتی یاساو لیستی عێراقییە ناکۆکیان هەیە لەسەر ئەو بابەتە."




