یەكەمین كۆبوونەوەی تایبەت بە پێكهینانی ئەنجوومەنی باڵای دانوستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ دەستی پێكرد

كەمێك لەمەوبەر لە تەلاری پەرلەمان كوردستان یەكەمین كۆبوونەوەی تایبەت بە پێكهینانی ئەنجوومەنی باڵای دانوستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ دەستی پێكرد.
كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی هەریەك لە جێگری سەرۆكی وەزیرانی عێراق، ڕۆژ نوری شاوێس و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئەرسەلان باییز و محەممەد ئیحسان نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەغدا و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستانە.
راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، تاریق جەوهەر، گوتی: "چاوەڕوان دەكرێت لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی فراكسیۆن و پێكهاتە جیاوازەكان لە پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوینەران و نوێنەری حكوومەتی هەرێم و نوێنەری كورد لە حكوومەتی فیدراڵ بەشداریی لەو كۆبونەوەیەدا بكەن."
دووشەمەی رابردوو 6/8 بە سەرپەرشتیی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك و سكرتیری حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان لە پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی لیستە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوینەران و حكوومەتی فیدراڵ، یەكەمین كۆبوونەوەی راوێژكاری بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی دانوستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ لەبارەی پرسە هەڵپەسیردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەریوە چوو. تیایدا سەرجەم بەشداربووان دامەزراندنی ئەنجوومەنەكەیان بە كارێكی گرنگ و پێویست وەسف كرد بۆ ئەوەی وەك دامەزراوەیەكی نیشتیمانی، سەرپەرشتیی كاری دانوستان و وتوێژەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ بكات بۆ چارسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكان.




