وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: كۆمپانیای دیكەش بەڕێوەن

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات كە كۆمپانیای جیهانی دیكەش بەڕێوەن بۆ هەرێمی كوردستان لە دوای هاتنی كۆمپانیاكانی تۆتالی فەڕەنسی و گازپرۆمی رووسی كە دوو لە كۆمپانیا هەرە گەورەكانی جیهانن لەپیشەسازی نەوت و غاز و ئاشكراشیان كردووە كە رەنگە لەداهاتوودا رێژەی ناردنی نەوتی كوردستان بۆ توركیا بگاتە 100 تانكەر لە رۆژێكدا.
چەند رۆژێك لەمەوبەر كۆمپانیای GazPromی رووسی كە گەورەترین كۆمپانیای دەرهێنانی غازی سروشتییە لە جیهاندا و گەورەترین كۆمپانیای رووسیاشە، پشكی لە دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمی كورستان كڕیوە، ئەمەش هاوكاتبوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی هاتنی كۆمپانیاكانی تۆتالی فەڕەنسی و شیڤرۆنی ئەمریكی بۆ كوردستان.
ئەو دوو پشكەی گازپرۆم لە هەرێمی كوردستان كڕیویەتی بریتییە لە كڕینی پشكی 40%ی گرێبەستی نەوتیی كێڵگەی نەوتی گەرمیان كە كۆمپانیای وێسترن زاگرۆسی كەندەی سەرپەرشتی ئەو كێڵگەیە دەكات و كڕینی پشكی دووەمیشی لە كێڵگەی نەوتی شەكال كە 80%ی پشكی ئەو كێڵگەیەی كڕیوە، كۆمپانیا رووسییەكە دەبێتە سەرپەرشتیاری ئەو كێڵگەیە و بەپێی راپۆرتەكان چاوەڕێدەكرێ لەساڵی 2015دا بەرهەم هێنانی نەوت لەو دوو كێڵگەیە دەست پێبكات و چاوەڕێدەكرێت بەهەردووكیان 3. 6 ملیار بەرمیل نەوتی تێدابێت.
لەوبارەوە سەرچاوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (رووداو)ی راگەیاندووە: "ئێستا هەرێمی كوردستان سەرنجی زۆر لە كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوت و غازی راكێشاوەو ئەمەش دەرئەنجامی سیاسەتێكی زیرەكانە و دابینكردنی كەشوهەوایەكی لەبارە بۆ كاروباری وەبەرهێنان. هاتنی كۆمپانیا گەورەكان، ئاماژەیەكی پۆزەتیڤانەیە سەبارەت بە كوردستان و دەرئەنجامەكەشی بەدەستهێنانی نێوبانگێكی باشە بۆ كوردستان و ئێستاش چەند كۆمپانیایەكی دیكە لەقۆناخی گفتوگۆدان و لەكاتی خۆیدا ئەوانیش ئاشكرادەكرێن".
پێش بڵاوبوونەوەی هەواڵی هاتنی كۆمپانیای گازپرۆم، كۆمپانیای ماراسۆنی ئەمریكی رایگەیاند كە كۆمپانیای تۆتالی فەرەنسی كە یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیاكانی بواری نەوت لە جیهاندا پشكی لە دوو كێڵگەی هەرێمی كوردستانی كڕیوە، كە بریتین لە كێڵگەی نەوتی حەریر و سەفین، لە هەر یەكەیان 35%ی بەشی كۆمپانیاكانیان لە گرێبەستە نەوتییەكانی ئەو دوو كیڵگەیەدا كڕیوە.
سەبارەت بە ئاشكرانەكردنی وردەكارییەكان ئەو گرێبەستانە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە و رەخنەگرتنی ئۆپۆزیسیۆن لەوەی كە كارەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان "شەفاف نییە"، ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەڵێ "هەندێ لە گرێبەستەكان لەسەر ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكراونەتەوە، ئەم هەفتەیەش وەزارەت پووختەیەك لەئەنجامی كۆبوونەوەكانی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان لەگەڵ لیژنەی نەوت و غازی عێراقی كە دوو هەفتە پێشتر لە هەولێر ئەنجامدران، بڵاوكردەوەو هەروەها نامە كۆنەكەی د.بەرهەم ساڵحیش بۆ نوری مالیكی بڵاوكردەوە و بەشێوەیەكی بەردەوامیش پەرلەمان ئاگادار دەكرێتە لە چالاكییەكانی وەزارەت. خەڵك ئازادە لە رەخنەگرتن، بەڵام دەبێ ئەوان لەسەر بنەمای بوونی زانیاری لەسەر ئەو بوارە رەخنە بگرن. پێشكەوتنی پیشەسازی نەوت و غازی كوردستان، هەلێكی مێژوویی بەخشیووەتە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی و نابێ بەچاوێكی تەسكی حیزبییانە تەماشا بكرێت، لەبەرئەوەی ئەو مەسەلەیە زۆر گرنگترە لەوە".
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی (Moscow Times)، كۆمپانیای گاز پرۆمی رووسی كە ئۆفیسی سەرەكی لەشاری سانت پیتسبێرگی رووسیایە، بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی لەو دوو كێڵگەیە، بڕی 260 ملیۆن دۆلاری تەرخانكردووە بۆ پەرەپێدانی ئەو كێڵگانە.
لەوبارەوە ڤەدیم ڤاكۆڤلی، جێگری یەكەمی بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای گازپرۆم دەڵێ "كۆمپانیاكەمان پێیوایە كە كاركردن لە هەرێمی كوردستان داهاتوویەكی باشی دەبێ و لەرێگەی كاركردنیش لەو كێڵگانە، گازپرۆم رێژەی بەرهەمهێنانی لەسەرانسەری جیهان زیاد دەكات و بەمەش دەتوانێ بوونی خۆی لە وڵاتانی جیهان فراوانتر بكات".
لەرابردوودا كۆمپانیای گازپرم لە نێوەڕاستی عێراق بەشداری پڕۆژەی وەبەرهێنانی كێڵگەی نەوتی بەدرەی كردووە و چاوەڕێدەكرێت حكومەتی عێراق ئەو گرێبەستەی لەگەڵ هەڵبوەشێنێتەوە، لەبەرئەوەی دوای راگەیاندنی هاتنی تۆتال بۆ كوردستان، حكومەتی عێراق ناوی كۆمپانیای تۆتاڵ و شیڤرۆنی ئەمریكی خستە نێو لیستی رەشەوە و بەڵێنیشیدا كە هەموو ئەو گرێبەستانە هەڵبوەشێننەوە كەوا ئەو كۆمپانیایانە لەگەڵ حكومەتی عێراق مۆری كردوون بەمەبەستی بەرهەمهێنانی نەوت لەناوچەكانی باشووری عێراق و ئاشكراشیان كرد كە هەر كۆمپانیایەكی دیكە چاو لەو كۆمپانیایانە بكات، رووبەڕووی هەمان سزا دەبێتەوە.
لەوبارەوە عەبدولمەهدی عوبێدی، بەڕێوەبەری بەشی گرێبەستەكان لە وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی "ئێمە گرێبەست لەگەڵ هەموو ئەو كۆمپانیایانە هەڵدەوەشێنینەوە كە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەن بەبێ رەزامەندی وەزارەتی نەوتی عێراق".
لەلایەكی دیكەوە، لەكۆتایی ئەم هەفتەیەدا بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڵاویكردەوە كە وەك "نیشاندانی نیازپاكی" لەسەرەتای مانگی ئابەوە پرۆسەی ناردنە دەرەوەی نەوتی كوردستان لەرێگەی بۆڕی نیشتمانی عێراقەوە دەستپێدەكاتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە هێشتا كێشەكانی تایبەت بە نەوت لەنێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر نەبوونە، بەڵام بەومەرجەی عێراق خەرجی كۆمپانیا نەوتییەكان لە كوردستان بدات.
نیەت پاكی بە ناردنەوەی نەوت
سەبارەت بەو كارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرچاوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە (رووداو)ی راگەیاند "بڕیاری دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ناردنە دەرەوەی نەوت، دەستپێشخەرییەكی نیەت پاكی هەرێمی كوردستانە و بڕیارێكی یەكلایەنەشە و مەبەستیش لێی ئەوەیە كە كێشەی نەوت و غازی عێراق چارەسەر بكات لەعێراق. دەبێ ئەو چارەسەرەش لەچوارچێوەی دەستووردا بێت، نەك لەلایەن چەند كەسێكەوە لە بەغدا دیاری بكرێت، هیواداریشین كە بەغدا بەجیدی تەماشای ئەو دەستپێشخەرییە بكات و خەرجی كۆمپانیاكان بدات و هەروەها دەمانەوێ هەموو ئەو خاڵانە جێبەجێبكرێن كە لە نامەكەی د.بەرهەم ساڵحی سەرۆكی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتوون كە بۆ نوری مالیكی ناردبوون و لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوت رێككەوتنیان لەسەركرابوو، تاوەكو بەرەو پێشەوە بڕۆین".
ناردنی نەوت بۆ توركیا لەوانەیە بگاتە 100 تانكەر لە رۆژێكدا
لەمانگی رابردووەوە پرۆسەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا دەستیپێكردووە، ئێستا ناردنەكە بەرەو فراوانتربوون دەچێ و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ ئەوە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستانە لە بەرهەمە نەوتییەكان، دوای ئەوەی حكومەتی عێراق ناردنی بەرهەمە نەوتییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان زۆر كەمكردەوە، بەشێوەیەك لە 45 هەزار بەرمیل رۆژانە كەمیكردووەتەوە بۆ 15 هەزار بەرمیل، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ ئەو نەوتەی دەینێرێتە توركیا بۆ پاڵاوتن و دووبارە گەڕانەوەی بەرهەمە نەوتییەكانە بۆ هەرێمی كوردستان. سەرچاوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رەتیكردەوە كە ئێستا رۆژانە 100 تانكەریان ناردبێ بۆ توركیا و گوتی "تائێستا بڕەكە كەمە و بەندە بە رێژەی پێویستی هەرێمی كوردستان و رەنگە لەداهاتووشدا رێژەی ناردنی نەوت بۆ توركیا بگاتە 50 بۆ 100 تانكەر لە رۆژێكدا و لەبەرامبەریشدا كوردستان بەرهەمە نەوتییەكان وەردەگرێتەوە تاوەكو وێستگەكانی كارەبای پێ بەڕێوەببات و كارگەكان پێی بەڕێوەبچن".




