یئتیلافى عێراقییه ده‌نگۆى سازكردنى دیدارێكى نێوان عه‌للاوى و مالیكى به‌م نزیكانه ڕه‌تكرده‌وه

ئیئتیلافى عێراقییه ده‌نگۆى سازكردنى دیدارێكى نێوان عه‌للاوى و مالیكى به‌م نزیكانه ڕه‌تكرده‌وه و به پێشبینى و ئاواتى وه‌سفكرد و ڕاشیگه‌یاند كه هیچ جۆره ڕێكخستنێك له‌و باره‌وه له ئارادا نییه.
له‌م ڕووه‌وه هانى عاشوور راوێژكارى عێراقییه له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه هیچ پێشڤه‌چوونێكى نوێ سه‌باره‌ت به چاكسازى و ڕێگاچاره‌كانى گۆڕانگارى له سیاسه‌ته‌كانى سه‌رۆك وه‌زیران ڕووینه‌داوه و عێراقییه پێیوایه نیازی چاكسازى و گۆڕانكارى بوونى نییه .
سه‌باره‌ت به‌و كارنامه‌ى كه هاوپه‌یمانى نیشتمانى به مه‌به‌ستى چاكسازی ئاماده‌ى كردووه هانى عاشوور دووپاتى كرده‌وه كه كارنامه‌كه هێشتا ده‌رنه‌چووه به‌ڵكو هه‌ر له نێو هاوپه‌یمانى نیشتمانى ماوه‌ته‌وه و كێشه و ململانێ له سه‌ره و له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه خستنه‌ڕووى كارنامه‌ى نیشتمانى ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه كێشه و ئارێشه‌كان گه‌وره‌تر ده‌بن و به‌م پێیه‌ش متمانه له نێوان كوتله‌كاندا نامینێت .
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر هاتوو گه‌ره‌نتیه‌كیش نه‌بوو بۆ جێبه‌جێكردنى كارنامه‌كه ئه‌وا كاروباره‌كانى ته‌نگژه‌ى سیاسى وڵات هه‌ر له چوارچێوه‌ى یه‌كه‌مدا ده‌مێننه‌وه .
عاشوور راشیگه‌یاند گوێ نه‌دان و جێبه‌جێ نه‌كردنى په‌یمان و به‌ڵێنه‌كان بۆته سیمایه‌كى ڕوون و ئاشكراى ڕێڕه‌وى پرۆسه‌ى سیاسى وڵات و ده‌وڵه‌تى یاسا نایه‌وێت لێكتێگه‌یشتن له نێوان لایه‌نه‌كان دروست بێت له پێناو گه‌یشتن به شه‌راكه‌تى ڕاسته‌قینه‌ى نیشتمانى له ده‌سه‌ڵاتدا.




