٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی بەغدا بەرپرسن لە جێبەجێنەكردنی ماددەی 140

سەرچاوە: Rudaw

نوێنەرێكی كورد لە لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140 دواخستنی كارەكانی لێژنەكە بە سیاسەتێك دەزانێ كە سەرۆك وەزیران وەك سازشێك بەكاریدەهێنێ، بەڵام ئەندامێكی دیكەی لێژنەكە كارەكە بە"كەمتەرخەمی" وەسفدەكات.

لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140 پێنجەم راپۆرتی تایبەتی خۆی بڵاوكردەوە، لە راپۆرتەكەدا ئاماری چالاكییەكانی لیژنەكە لەڕووی قەرەبووكردنەوە خراوەتەڕوو و ئاماژە بەوەش كراوە، كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە تەواوی هەشت نووسینگەكەی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراقدا 509 هەزار و 968 فۆرم بەسەر ئاوارەكان‌، 33 هەزار و 168 فۆرمیش بەسەر هاوردەكان دابەشكراوە. هەروەها 12 هەزار و 672 چەكی قەرەبوو دراوەتە هاوردەكان و 74 هەزار و 806 چەكیش دراوەتە ئاوارەكان. جگە لەوەش 15 هەزار و 775 مامەڵەی نوێ لە هاوردەكان و 272 هەزار و 860 مامەڵەش لە ئاوارەكان وەرگیراوە.

لەسەر ئاستی پارێزگای كەركووك، كە قورسایی جێبەجێكردنی مادەكە دەكەوێتە ئەو شارە 100 هەزار فۆرم بەسەر ئاوارەكان ‌و 30 هەزار فۆرمیش بەسەر هاوردەكاندا دابەشكراوە‌، هەروەها 11 هەزار و 262 چەكی قەرەبووكردنەوە بەسەر هاوردەكان و 34 هەزار و 822 چەكی قەرەبووكردنەوە بەسەر ئاوارەكاندا دابەشكراوە.

بەپێی راپۆرتەكە، حكومەتی عێراق لەساڵی 2009دا بڕی 272 ملیار و 834 ملیۆن و 396 هەزار دیناری تەرخانكردبوو بۆ جێبەجێكردنی ماددەكە، بەڵام دوای فراوانكردنی كارەكان و كردنەوەی پێنج نووسینگەی نوێ، بڕەكەی بۆ 172 ملیۆن دینار كەمكراوەتەوە.

د.محەممەد ئیحسان، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140 لەوبارەوە بە (رووداو)ی راگەیاند "ئێمە بۆ ئەمساڵ داوای 600 ملیار دینارمان كردبوو، بەڵام ئەوان تەنیا ئەوەندەیان دانا"، گوتیشی "من سێجار چوومە پەرلەمان و بەداتا هەموو شتێكمان خستەڕوو، بەڵام زیادیان نەكرد".

نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆكاری سەرەكی كەمكردنەوەی بودجەكەی گەڕاندەوە بۆ نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق "بودجەی ماددەی 140 سەر بە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانە و لەچوارچێوەی نەفەقاتی سیادیە، كەمكردنەوەی بەردەوامی بودجەكەش نییەتی سەرۆك وەزیران دەردەخات كە نایەوێ ماددەكە جێبەجێبكرێ".  

تەحسین كەهیە، ئەندامی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140 و نوێنەری پێكهاتەی توركمان لەو لیژنەیە، پێیوایە پارەكە زۆر كەمەو بەشی جێبەجێكردنی ماددەكە ناكات، بۆیە پێشنیازێكی هەبوو"كارەكە زۆر گەورەیە، پەیوەستە بە ژیانی هەزاران خێزانەوە، بەڵام تائێستا بودجەیەكی تایبەتمان نییە و پێویستمان بە بودجەی تایبەتە".

سەبارەت بەوەی دەكرێ لێژنەكەی ئەوانیش دەسەڵاتی تەواوی خۆی هەبێ هاوشێوەی دەستە سەربەخۆكان، گوتی "زۆر دەستە هەیە كارەكەی لە كاری ئێمە ئاسانترە و كەمترە"، بەڵام كەهیە ئەوەی بە قورس زانی كەسایەتییەكی مەعنەوی هاوشێوەی دەستە سەربەخۆكانی دیكە ببەخشرێتە لێژنەی جێبەجێكردنی 140 "ئەوە پێویستی بە بڕیار و دانانی یاسایە"، گوتیشی "بەڵام دەكرێ لە پەرلەماندا بودجەیەكی تایبەتی بۆ تەرخان بكرێت".

بەربەستەكان

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، هەرسێ سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران، كۆمەڵە ئەركێكیان لەئەستۆیە تائێستا جێبەجێیان نەكردووە، گرنگترین ئەركەكان بەپێی راپۆرتەكە لە ئەستۆی ئەنجوومەنی وەزیرانە، لەوانەش پەلەكردن لە پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە. تەحسین كەهیە لەوبارەوە گوتی "پڕۆژە یاساكە لە 24/1/2012 لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نێردراوە بۆ ئەنجوومەنی شورای دەوڵەت، لەلای ئەوان دواكەوتووە".

بەڵام محەممەد ئیحسان گوتی "مالیكی نایەوێ مادەی 140 جێبەجێبكات و بۆ ئەوەش بیانوو دەهێنێتەوە، كاتێك بەڵێن دەدات شتێك جێبەجێبكات لەلایەكی دیكەوە دوای دەخات". گوتیشی "لە بەغدا درۆكردن بووەتە تاعەت، ئەنجوومەنی شورا یاساكە دادەڕێژنەوەو تەماشای دەكەن بزانن لەگەڵ یاسای دیكەدا ناكۆك نییە، كەچی ئەو پڕۆژەیان ئەو هەموو ماوە دواخستووە".

محەممەد ئیحسان ئاماژەی بەوەدا، كە تائێستا سێ جار لەگەڵ ئەنجوومەنی شورادا دانیشتووەو قسەی لەگەڵ كردوون و بەڵێنیان داوە، بەڵام هێشتا پڕۆژە یاساكەیان نەناردووەتەوە بۆ حكومەت "كارەكەیان كردووە بە سیاسەت و مالیكی بۆ رازیكردنی هەندێك لایەنی عەرەبی ماددەكە دوادەخات و جێبەجێیناكات".

تەحسین كەهیە، سەرەڕای ئەوەی دانینا بەدواخستنی هەندێك كار، بەڵام ئەوەی بە "كەمتەرخەمی" وەسفكرد و گوتی "ئێمە مامەڵە لەگەڵ تەواوی عێراقدا دەكەین، لە هەموو پارێزگاكاندا زوڵم كراوەو خەڵك داوای ئەوە دەكەن ماددەكە بیانگرێتەوە، بۆیە كارەكان دوادەكەون".

 

3 داواكاری

بۆ پەرلەمانی عێراق

نوێنەرەكەی توركمان لەلێژنەی باڵای جێبەجێكردنی مادەی 140، باسی لە پەیوەندی نێوان لێژنەكەیان و پەرلەمان كرد "پەرلەمانی عێراق تەنیا یەكجار هاتوون كۆبوونەوەیان لەگەڵمان كردووە، بەڵام زۆر لە ئەندامەكانی تەكلیف دەكەن ماددەی 140 ناوچەیەكی دیاریكراو بگرێتەوە، یاخود راسپاردەی تایبەت دەنێرن، بۆیە بڕیارمانداوە راسپاردەكان لەمەودوا دەبێ لە رێگەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە بن".

محەممەد ئیحسانیش رەخنەی هەبوو لە بەشێك لەپەرلەمانتاران و گوتی "زۆربەی ئەندامانی پەرلەمان كاریان لەگەڵ ئێمەدا بووەتە ئەوەی بزانن، چەكی پارەی خزمەكەی دەرچووە یان نا".

راپۆرتی لێژنەكە سێ داواكاری ئاراستەی پەرلەمانی عێراق كردووە، یەكەم: پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕش. دووەم: زیادكردنی پارەی تەرخانكراو بۆ قەربووكردنەوەكانی جێبەجێكردنی ماددەكە. سێیەم: گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو پڕۆژە یاسایەی سەرۆكایەتی كۆمار ناردوویەتی سەبارەت بە سنووری ئیداری ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان.

هەواڵی پەیوەندیدار