داڕشتنی كۆتایی بۆ یاسای لێبوردنی گشتی كرا

بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق رایگەیاند كە سەرۆكایەتی پەرلەمان داڕشتنی كۆتایی بۆ یاسای لێبوردنی گشتی پێگەشتووە و لەدوای پشووی جەژن دەنگی لەسەر دەدات.
محەممەد خالیدی، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "داڕشتنە كۆتاییەكانی یاسای لێبوردنی گشتی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان نێردراوە و ئەو ناكۆكیانەی لەسەری هەبوون، وایكرد جۆرەها بۆچونی جیاواز بچنە نێو داڕشتنەكەوە تاوەكو دەنگی پەرلەمان یەكێكیان هەڵبژێرێت".
ساڵح موتڵەگ، جێگری سەرۆكی حومەتی عێراق گازاندەی پەرلەمانی كرد كە هێشتا یاسایەك نییە بۆ لێبوردنی گشتی و ئەوەشی بە هۆكارێكی سیاسی زانی و گوتی "هیچ بیانویەك نییە بۆ دواخستنی دەنگدان لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی".
محەممەد خالیدی گوتیشی "پەرلەمانی عێراق لەدووای پشوو، دەنگ دەدات لەسەر هەریەك لە یاساكانی دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی دادگای باڵا، یاسای حیزبەكات و یاسای لێبوردنی گشتی".
تاوەكو دوای جەژنی رەمەزان پشوی فەڕمی پەرلەمانی عێراقە هەموو دانیشتنەكانی پەرلەمانیش بۆ ئەو كاتە دوادەخرێت.
لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرەلەمانی عێراق رایگەیاند كە یاسای لێبوردنی گشتی تووشی زۆرێك لە موزایەدەی سیاسی بووەتەوە، تەنانەت هەندێك لە لایەن دەیانویست ئەو یاسایە هەر بە هەڵواسراوی بمێمێتەوە، ئەمە لەكاتێكدا كە بەندینخانەكان تەژین لە بەندكراوی بێ تاوان.




