ژمارەی ئەندامانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان ناكۆكی دەنێتەوە

پەرلەمانتارێكی پارتی لە لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی، دەڵێت كە چەند ئەندامێكی پارتی دەنگیان بە هەمواركردنەوەی یاسای كۆمیسیۆن داوە تا ئەندامان بكرێنە پازدە، بەڵام هێشتا بڕیاری كۆتایی لەو بارەیەوە نەداوە.
ناكۆكیی لایەنەكان
ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران، ناكۆكییەكی دیكەی نێو ماڵی كوردە لە بەغدا. كە بەشێكیان لەگەڵ ئەوەدان كە ئەندامانی ئەنجوومەنەكە لە 9ـەوە بۆ 15 زیاد بكرێت، بەڵام چەند پەرلەمانتارێكی ئەو لایەنانە باس لەوە دەكەن كە بەشێك لە ئەندام پەرلەمانەكان لە نێو لایەنە كوردییەكان و لیستی ئەلعێراقییە و سەدرییەكانیش لە دژی ئەم زیابوونە وەستاونەتەوە.
پەرلەمانتاری كۆمەڵ لە بەغدا فاتیح دارۆغایی داخوازیی زیادكردنەكە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە تا نوێنەری گشت حزب و نەتەوە و ئایینەكانی عێراق لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكاندا ئەندام بن.
بە گوتەی پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغدا لەتیف شێخ مستەفا كۆمیسیۆنی پێشوو چەند حزبێك كۆنتڕۆڵیان كردووە، بۆیە نایانەوێت بۆ 15 زیاد بكرێت و بە زیانی خۆیانی دەزانن. ئەو دەڵێت: "ناڵێم یەكێتی لە كۆمیسیۆنی پێشوو سوودمەند نەبووە، بۆیە لەگەڵ ئەوەدایە بكرێتە پازدە ئەندام، بەڵكوو ڕ’ەنگە لەگەڵ ئەوەدا بن ئەندامێكی دیكە بۆ كورد زیاد ببێت."
پەرلەمانتاری پارتی موئەیەد تەییب كە یەكێك بووە لەو پەرلەمانتارانەی دەنگی بۆ هەمواركردنەوەی یاسای كۆمیسیۆن و زیادكردنی ئەندامان بۆ 15 داوە، ئاماژەی دا كە هەمواركردنەكە نەخراوەتە دەنگدانەوە تا بگوترێت هەڵوێستی دواجاری پارتی لەگەڵ چیدا دەبێت، بەڵام بەشێك لە پەرلەمانتارانی پارتی و بەشێكیش لەوانەی یەكێتی لەگەڵ ئەوەدا بوون بكرێتە 15 ئەندام.
دەربارەی ئەوەی كە كۆمیسیۆن سوودی بە پارتی گەیاندووە، پەرلەمانتارەكەی پارتی دەڵێت: "ئەوە ڕاست نییە و لە نۆ ئەندام تەنیا یەكێكیان پارتی بووە و نوێنەری زۆرینەی پێكهاتەكانی تێدا بووە. لە سیاسەت و یاسادا ئەم قسەیە ناخوات و بەڵگە دەخوات، بەڵام هەر لایەك ئەنجامی هەڵبژاردنی بە دڵ نەبوو دەڵێت ساختەكاری كراوە."
ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی پێشوو نۆ كەس بوون كە تەنیا دووانیان كورد بوون و یەكێك بۆ یەكێتی و ئەوی دیكە بۆ پارتی بوو. بۆیە گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ دەیانەوێت ئەندامەكان بكرێنە 15 تا ئەندامانی كورد ببنە سێ ئەندام و بە یەكێك لەم سێ لایەنە بدرێت.
ئەو پڕۆژەیە خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە و دەنگدان لەسەری ماوە. بە گوتەی دارۆغایی كردنی بە پازدە ئەندام لە پەرلەماندا شكستی هێنا، بەڵام پێداگری دەكەن تا جێبەجێ بكرێت و دەنگی پێویست بهێنێت.
لەتیف مستەفا باس لەوە دەكات كە كردنی بە 15 ئەندام پشتیوانیی زۆرینەی هەیە و چوار حزبی كوردی 28 كورسی و دەوڵەتی قانوون 89 كورسی و حزبی فەزیڵە و بەشێك لە ئەندامانی ئەلعێراقییەیش دەنگی بۆ دەدەن.




