٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

موئەیەد تەیب: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی بەم شێوەیە هیچ بەهایەك بۆ پەرلەمانی كوردستان ناهێڵێتەوە

سەرچاوە: KDP.info
گوتەبێژی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق

گوتەبێژی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان هۆشداریدا كە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی بەم شێوەیەی ئێستا هیچ بەهایەك بۆ پەرلەمانی كوردستان ناهێڵیتەوە و هەموو پرسەكان بەویستی خۆیان پەسندی دەكەن.

موئەیەد تەیب گوتەبێژی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەئاكانیوزى راگەیاندووە: وەك كورد بەهیچ شێوەیەك ڕێگر نەبووینە لە پەسندكردنى پڕۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی، ئەم یاسایە لە لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق كە ئەوان پڕۆژەیاساكەیان بۆ دەنگدان ئامادە كردووە، لەو لێژنەیەدا 4 كوردی تێدایە كە یەكێكیان سەرۆكی لێژنەكەیە، گفتوگۆكان لەسەر ژمارەی ئەندامان و چۆنیەتی دەنگدانە كە جێگەی مشتومڕی نێوان ئێمە و لیستەكانى ترە.

گوتیشى، پڕۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی یاسایەكی زۆر گرینگە، تایبەتمەندیی ئەو یاسایە ئەوە دەبێ كە هەر جارێك ناكۆكی لە نێوان حكوومەتی بەغدا و حكوومەتی هەرێم هەبێ، ئەم دادگەیە بڕیاری كۆتایی لەبارەی پرسەكە دەدا و بڕیارەكانی ئەوانیش كۆتایین و قابیلی هیچ گۆڕانكارییەك و گەڕانەوەیەك نییە.

ڕوونیشی كردەوە ئێمە داوا دەكەین كە پێكهاتەی ئەم دادگەیە لە هەموو شوێنەكانی ڕێژەی كورد لە 20%كەمتر نەبێ، هەروەها داوا دەكەین شارەزایانی فیقهی شیعە و سونە، یەك بەیەك بێ، بەڵام ئەوان داوا دەكەن 4 فوقەها بێ 2 یان شیعە و 2 سونە. ئەوەی كورد داوای دەكات بڕیارەكان بەزۆرینەى 3/4 یا 4/5 بێ، نەك لەسەر بنەواى زۆرینە و 51% بێ، چونكە ئەو كات دادگەكە دەتوانێ هەموو كێشەكان لەبەرژەوەندیی حكوومەتی ناوەندی بەزۆینەى دەنگ یەكلا بكاتەوە ئەمەش مەترسی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەبێ.

هەروەها گوتەبێژی لیستی هاوپەیمانی كوردستان هۆشداری ئەوەشیدا كە ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە بەو شێوازەى ئێستا پەسند بكرێت ئەوا دەسكەوتەكانی هەرێم بەفیڕۆ دەچێ و هەر بڕیارێك بیانەوێت بەویستی خۆیان دەری دەكەن، هیچ بەهایەك بۆ پەرلەمانی كوردستان نەمێنێتەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار