سه‌رۆك بارزانی بروسكه‌یه‌كی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ى ئه‌لمه‌دا كرد

به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمى كوردستان له بروسكه‌یه‌كدا پیرۆزبایی له فه‌خرى كه‌ریم سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ى ئه‌لمه‌دا ده‌كات به بۆنه‌ى ساڵیادی ده‌رچوونیه‌وه.
ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تى:
براى به‌ڕێز مامۆستا فه‌خرى كه‌ریم سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ى ئه‌لمه‌دا
سڵاوتان لێ بێت
له ساڵیادى ده‌رچوونى رۆژنامه‌ى ئه‌لمه‌دادا، گه‌رمترین پیرۆزبایى پێشكه‌ش به ئێوه‌و له رێگه‌ى ئێوه‌شه‌وه پێشكه‌ش به هه‌موو رۆژنامه‌نووسان و ده‌سته‌ى نووسه‌رانی رۆژنامه‌كه ده‌كه‌م و هیواى پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنى زۆرترى بۆ ده‌خوازم له‌گه‌ڵ درێژه‌دان به كاروانى پیشه‌یى خۆى له به‌رگرى كردن له ئازادى ڕاده‌ربڕین و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانى دیموكراسى و به‌رده‌وام بوون وه‌ك ده‌نگێكى میدیایى ریتمى ڕاستگۆیى هه‌ڵگرتبێت له پێناوى عیراقدا.
ئه‌لمه‌دا پاش نۆ ساڵ دواى ده‌رچوونى زۆر په‌ره‌ى سه‌ندووه‌و بووه‌ته سه‌كۆیه‌كى نیشتمانى ئازاد و ده‌ستپاك و بوێر‌و تۆوێك له تۆوه‌كانى میدیاى دیموكراسى كه بۆ خزمه‌تكردنى راستی و به‌رگرى كردن له مافى هاووڵاتیبوون ته‌رخان بێت.گه‌رمترین سڵاو پێشكه‌ش به كارمه‌ندانى ئه‌لمه‌داو هه‌موو ئه‌وانه ده‌كه‌م به‌شدارییان له پێشخستن و په‌ره‌پێدانیدا كردووه. هیواى پێشكه‌وتنى زۆرتر بۆ رۆژنامه‌كه‌و به‌رده‌وامى سه‌ركه‌وتن بۆ ئێوه‌و ماڵباته سه‌ربه‌رزه‌كه‌تان ده‌خوازم له‌گه‌ڵ سڵاودا.
براتان مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان.
7ى ئابی 2012




