سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له سکرتێری حزبی سۆسیالیستى دیموکراتی کوردستان کرد

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 7ى ئابى2012 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى حکوومه‌تى کوردستان پێشوازى له محه‌مه‌دى حاجى مه‌حموود سکرتێری حزبی سۆسیالیستى دیموکراتی کوردستان کرد.
له دیدارێکدا، کۆبوونه‌وه فرا‌وانه‌که‌ى دوێنێى په‌رله‌مانى کوردستان له نێوان سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان و حکوومه‌ت و لایه‌نه سیاسییه‌کانى کوردستان خرایه به‌ر باس که تایبه‌ت بوو به گفتوگۆکردن و بیروڕا گۆڕینه‌وه له سه‌ر دامه‌زراندنى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دانوستانى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى فیدراڵ له به‌غدا و هه‌نگاوه‌که که مایه‌ى خۆشحاڵیى هه‌موو لایه‌نه به‌شداره‌کان بوو، به ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگێنرا. هه‌روه‌ها ئاماژه به هه‌وڵه‌کانى کابینه‌ى حه‌وته‌مى هه‌رێمى کوردستان له پێش و له دواى پێکهێنانى بۆ دامه‌زراندنى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه کرا.
له ته‌وه‌رێکى دیکه‌دا هه‌ردوولا باسیان له پێداچوونه‌وه به‌و یاسایانه‌دا کرد که ڕه‌هه‌ندى نیشتمانی‌یان هه‌یه و سه‌رۆکى حکوومه‌ت جارێکى دیکه پشتگیریى حکوومه‌تى بۆ پێداچونه‌وه به‌و بڕگانه‌ى پرۆژه‌ى ده‌ستوور و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌دا که پێویسته ته‌وافوقی نیشتمانیان له سه‌ر هه‌بێت، دووپات کرده‌وه. یه‌کخستنى بیروڕا و بۆچوونه‌کان بۆ هه‌ر پێشهاتێک که ڕووبه‌ڕووى هه‌رێمى کوردستان ببێته‌وه، لایه‌نێکى دیکه‌ى دیداره‌که بوو.
لاى خۆیه‌وه محه‌مه‌دى حاجى مه‌حموود سکرتێری حزبی سۆسیالیستى دیموکراتی کوردستان سوپاسی نێچیرڤان بارزانى کرد بۆ هه‌وڵه‌کانى له نزیککردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌کان و بۆچوونه جیاوازه‌کان له‌مه‌ڕ پرسه چاره‌نووسسازه‌کان و خزمه‌تکردنى هاووڵاتیانى کوردستان.




