٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پشكی هەرێم لە بودجەی تەواوكاریدا تەنیا 4،5%ـە

سەرچاوە: Hewler

ڕاپۆرتێكی ژووری ئابووریی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاشكرای دەكات كە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی تەواوكاریی 2012ـی عێراقدا، 4،5%ـە و داوا دەكات پەرلەمانتاران رێگریی لێ بكەن، چونكە "زیانی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە." روونیشی دەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان بە ملیارەها دینار باجی زێدەڕۆیی 4 ساڵی وەزارەتەكانی عێراق دەدات.

لە سەرەتادا، راپۆرتەكە هێما بۆ ئەوە دەكات كە بودجەی تەواوكاریی عێراق بۆ ساڵی 2012 بریتییە لە 9 تریلیۆن و 251 ملیار و 383 ملیۆن دیناری عێراقی، پشكی هەرێمی كوردستانیش لەو بڕە بە 418 ملیار و 445 ملیۆن دینار دانراوە، بەو پێیەیش رێژەی پشكی هەرێم لەو بودجەیە دەگاتە تەنیا 4،5%ـی كۆی بودجەی تەواوكاری. هاوكات ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە پەسەندكردنی ئەو بوجەیە بەو شێوەیەی ئێستای "زیانی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەیە." ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەو پڕۆژەیاسایە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەند كراوە و پاش ڕەوانەكردنی بۆ پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەی یەكەمیشی بۆ كراوە.

بەپێی زانیارییەكان، لە كۆی بودجەی تەواوكاریی عێراق (9 تریلیۆن و 251 ملیار و 383 ملیۆن دیناری عێراقی) پشكی بودجەی بەركاركردن تێیدا بە بڕی 7 تریۆلیۆن و 567 ملیار و 46 ملیۆن دینارەوە رێژەی 81،8%ـی كۆی بودجەكە پێك دەهێنێت، هەرچی بودجەی وەبەرهێنانیشە رێژەی 18،2% پێك دەهێنێت كە بڕەكەی 1 تریلیۆن و 684 ملیار و 333 ملیۆن دینارە.

بودجەی تەواوكاریی عێراق بۆ ساڵی 2012 دەگاتە 9 تریلیۆن و 251 ملیار و 383 ملیۆن دیناری عێراقی و پشكی هەرێمی كوردستانیش 418 ملیار و 445 ملیۆن دینارە، واتە هەرێمی كوردستان بە بەراوردی كۆی گشتیی بودجەی تەواوكاریی عێراق، رێژەی 4،5%ـی بۆ تەرخان كراوە.

بودجەی تەكمیلی (تەواوكاری) پاش شەش مانگی ساڵ ئامادە دەكرێت، هەرچەندە ئەم بودجەیەی ڕەنگە بە شێوەیەكی ناهاوسەنگ پێشكەش بكرێت، واتە ڕێژەی داهاتەكان كەمتر بێت لە خەرجی، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا دەبێت ئەم بودجەیە هاوسەنگ بكرێت یان بە ئیعاناتی دەوڵەت یان كەمكردنەوەی خەرجییە ناپێویستەكان یان بە گرانكردنی سەرچاوە داراییەكانی وەكوو فرۆشتنی دوكانەكان یان فرۆشتنی كەرەستە، گرنگ ئەوەیە رێژەی داهات یەكسان بێت یان زیاتر بێت لە خەرجییەكان.

دەبێت پەرلەمانتارانی كورد رێگری لێ بكەن
لە كۆتایی راپۆرتەكەدا، ژووری لێكۆلێنەوەی ئابووریی بزووتنەوەی گۆڕان، دەڵێت: "بودجەی تەواوكاری پێش ئەوەی بێتە هەرێمی كوردستان، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئامادە كراوە و پێویست بوو وەزیر و جێگری سەرۆكوەزیران كە كوردن، لەسەر ئەو بابەتانەی كە پەیوەستن بە هەرێمی كوردستانەوە بە دەنگ هاتبان و رێگەیان بە ناردرنی بودجەكە بەو شێوەیە نەدایە و لە ئێستایشدا كە لە پەرلەمانە، پەرلەمانتاران رێگری لێ بكەن."

هەواڵی پەیوەندیدار