كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان 35 رۆژ درێژكرایەوە

پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ كارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی بۆ ماوەی 35 رۆژ درێژكردەوەو لەدوایین دانیشتنیدا پێش هەڵگرتنی دانیشتنەكانی پەرلەمان بۆ دوای جەژنی رەمەزان.
محەمەد خالیدی بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق هەڵنەبژاردنی كۆمسیۆنی نوێی گەڕاندەوە بۆ ناكۆكی لەسەر ژمارەی ئەندامان و تەواونەكردنی كاری لیژنەی پسپۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆمیسیۆن.
لەدانیشتنەكەدا پەرلەمانی عێراقدا بەهۆی پێداگری هەندێك لە كوتلە سیاسیەكان لەسەر زیادكردنی ژمارەی ئەندامانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ 15 ئەندامو رەتكردنەوەی ئەو داواكارییە لەلایەن هەندێك كوتلەی ترەوە.
بڕیاربوو ئەو لێژنە تایبەتەی پەرلەمانی عێراق لە(21) پەرلەمانتاری بۆ دەستنیشانكردبوو، (9) كەسیان دەستنیشان بكردایە وەكو ئەنجومەنی نوێی كۆمیسیاران، بەڵام بەهۆی ناكۆكیە سیاسیەكانەوە نەتوانرا ئەو داوایە بێتەدی. لەلایەكی دیكەوە دوێنێ مارتن كۆبلەر نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان لەعێراق، بەبەیاننامەیەك نیگەرانی خۆی لەدواكەوتنی هەڵبژاردنی ئەندامە نوێیەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان خستەڕوو. كۆبلەر هەر دواكەوتنێكی دیكەی لەدیاریكردنی ئەنجومەنی كۆمیسیاراندا، بەهەڕەشەیەكی جددی بۆ پرۆسەی دیموكراتی لەعێراق وەسفكردبوو.




