"ئه‌لعێراقییه": سه‌ردانه‌كه‌ی (مالیكی) بۆ كه‌ركووك ئیستفزازكردنی كورده
گوته‌بێژی لیستی "ئه‌لعێراقییه" ڕایگه‌یاند (مالیكی) به سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ كه‌ركووك و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌و شاره بۆ نانه‌وه فیتنه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه له‌و شاره‌دا.
(حه‌یده‌ر موللا) له لێدوانێكیدا به "سۆمه‌رییه نیوز"ـی ڕایگه‌یاندووه: دانیشتنی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له كه‌ركووك یه‌كێكه له‌و كاره ئیستیفزازیانه‌ی (نوری مالیكی) له‌گه‌ڵ كورد ئه‌نجامی ده‌دات, تۆمه‌تباریشی كرد به‌وه‌ی ده‌یه‌وێ فیتنه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له وڵات هه‌ڵگیرسێنێت.
هه‌روه‌ك گوتیشی كارێكی ئیستیفزازی دیكه‌ی (مالیكی) ئه‌وه‌یه, ژماره‌یه‌كی زۆری له هێزه‌كانی سه‌ربازی له شاره‌كه بڵاوه‌پێ كردووه, هه‌روه‌ها رێگه‌ی به هه‌ندێ كه‌س داوه هێرش بكه‌نه سه‌ر هێماكانی كورد و گه‌له‌كه‌ی, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا خۆی له سه‌رجه‌م رێكه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان و له‌نێوانیان دا لایه‌نه كوردییه‌كان ده‌دزێته‌وه.
هه‌روه‌ك (مالیكی) و حزبه‌كه‌یی تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی بۆ مانه‌وه‌ی خۆی له پۆستی سه‌رۆكی وه‌زیراندا, هه‌وڵی وروژاندنی فیتنه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له نێوان كورد و عه‌ره‌ب ده‌دات, ئه‌و كاره‌یشی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه, كه مالكی له‌لایه‌ن لایه‌نه‌كانی دیكه‌وه بۆ كێشانه‌وه‌ی متمانه لێی, هه‌ست هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌قینه ده‌كات.
جێگه‌ی باسه (مالیكی) ئه‌مڕۆ سه‌ردانی شاری كه‌ركووكی كرد و له‌وێیش سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عیراقی كرد و ڕایگه‌یاند كه ناسنامه‌ی كه‌ركووك عێراقییه, وه‌كو عێراقیه‌كی بچكۆلانه‌یه, وێنه‌یه‌ك بۆ برایه‌تی و پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌ی هه‌موو عێراقییه‌كان. هه‌ر بۆیه نابێت هیچ ناسنامه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌سه‌ردا زاڵ بكرێت.
وه‌زیره كورده‌كانیش بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیان كرد.




