سه‌رۆکى حکوومه‌ت نیگه‌رانیی خۆی به‌رامبه‌ر به‌و "زوڵمه" زۆره‌ی به‌رامبه‌ر به ژنانی کوردستان ده‌کرێت ده‌ربڕی

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 6ى ئابى 2012، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سه‌ردانى ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمانى کوردستانی له هه‌ولێر کرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆک و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نه‌که کۆ بووه‌وه. بڕیاره ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ش بۆردێکی تایبه‌ت به چاودێریی مافه‌کانی ئافره‌ت به سه‌رۆکایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران کۆ بێته‌وه بۆ گفتوگۆ و به‌دواداچوونی پرسی ژن له ژێر ڕۆشنایی ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی ناوچه‌ی گه‌رمیان به تایبه‌تی و کوردستان به گشتی.
له کۆبوونه‌وه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی خانمان، سه‌رۆکى حکوومه‌ت نیگه‌رانیی خۆی به‌رامبه‌ر به‌و "زوڵمه" زۆره‌ی به ناوی نه‌ریت و بیروباوه‌ڕی چه‌وت و "شهڕهفپارێزیه"وه به‌رامبه‌ر به ژنانی کوردستان ده‌کرێت ده‌ربڕی و جه‌ختی له سه‌ر ئیراده‌ی سیاسیی کابینه‌که‌ی کرده‌وه له کارکردن و چاککردنی ڕه‌وشی ژنان له کوردستان. هه‌روه‌ها ڕاگه‌یاند ئه‌گه‌ر تا ئێستا ڕاسته‌وخۆ کاره‌کانی ڕانه‌گه‌یاندبێت، له‌به‌رئه‌وه بووه که دوای ده‌ستبه‌کاربوونی له کابینه‌ی حه‌وته‌م له ڕێگه‌ی ڕاپرسی و به‌دواداچوون و لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی، خوێندنه‌وه‌یه‌کی وردی بۆ واقیعه‌که کردووه تا بتوانێ به باشترین شێوه سیاسه‌ت و پلانی کاری داهاتووی له‌مه‌ڕ مه‌سه‌له‌کانی ژنان دابڕێژێت و ئاراسته‌ی بکات.
له کۆبوونه‌وه‌که‌یدا، نێچیرڤان بارزانى به بایه‌خه‌وه گوێى له سه‌رۆک و ئه‌ندامانی ئه‌و ده‌زگا حکوومییه گرت، تا به تێکهه‌ڵکێش له‌گه‌ڵ لێکۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونه تایبه‌ته‌کانی خۆیدا، باشترین ستراتیژیه‌تی کار و جێبه‌جێکردن دابڕێژێت که له ئاینده‌یه‌کی نزیکدا به ڕای گشتی کوردستانی راده‌گه‌یه‌نێت. دواتر بڕیاره سه‌رۆکى حکوومه‌ت له‌گه‌ڵ داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانی دیکه و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست کۆ بێته‌وه.
هه‌ر له کۆبووه‌نه‌وه‌که‌دا، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان په‌خشان زه‌نگه‌نه و چه‌ند ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نه‌که په‌نجه‌یان خسته سه‌ر که‌موکوڕیه‌کانی ئه‌نجومه‌ن له ڕووی یاسایی و دامه‌زراوه‌یی و جێبه‌جێکردنه‌وه. هه‌وروه‌ها باسی ئه‌وه‌یان کرد که ئه‌وان پێویستیان به ئیراده‌ی سیاسی و بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌یه تا بتوانن چالاکانه‌تر کار بکه‌ن و ستراتیژیه‌تی خۆیان بخه‌نه بواری کردهنیهوه.
له کۆتایى کۆبوونه‌وه‌که‌دا نێچیرڤان بارزانى هه‌موو پشتگیرییه‌کى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى بۆ ئه‌نجومه‌نى خانمان و پرسى ژنان له کوردستان دووپات کرده‌وه و ڕایگه‌یاند که حکوومه‌تى هه‌رێم کار بۆ ئاماده‌کردنى یاسایه‌ک بۆ ئه‌نجومه‌نه‌که ده‌کات و هه‌موو پێداویستیه‌کان بۆ کاراکردنى زیاترى ده‌زگاکه دابین ده‌کات.




