بەرپرسی لقی 14: کە سوپا شكستی برد بارەگاكانمان چۆڵ كرد

مووسڵ - تایبەت بە kdp.info-بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ دەڵێت: تا سوپا شكستی نەهێنا و مووسڵ كۆنتڕۆڵ نەكرا، ئێمە بارەگاكانی خۆمان چۆڵ نەكرد و هیچ كەلوپەلێكیشمان جێ نەهێشتووە.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ عیسمەت رەجەب، بە kdp.infoـی راگەیاند: دوای ئەوەی پارێزگای مووسڵ لە لایەن داعشەوە كۆنتڕۆڵ كرا و هێزەكانی سوپای عێراقیش كشانەوە، ئێمە ناچار بووین بارەگاكانمان جێ بهێڵین، ئەویش دوای ئەوەی هەموو كەلوپەلەكانی خۆمان گواستەوە.
عیسمەت رەجب گوتیشی: ئێمە تەنیا بیناكانی خۆمان لە مووسڵ جێ هێشتووە و لە ئێستایشدا لە دەوروبەری مووسڵ كاروبارەكانمان بەڕێوە دەبەین، چونكە زۆرینەی رێكخستنەكانمان لە دەوروبەری مووسڵن.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: لە ئێستادا هەوڵ دەدەین شوێن بۆ ئاوارەكان دابین بكەین، چونكە خەڵكێكی زۆر لە ترسی گیانی خۆیان ئاوارە بوونە.
عیسمەت رەجەب هاوكات ئاماژەیشی دا: چارەكردنی ئەو بارودۆخە ئەستەمە و پێویستە نووری مالیكی بێتە سەر خەت و دان بە شكستی سیاسی و سەربازیی خۆیدا بنێت.
بڵند ئیبراهیم




