لیستی عێراقییە: حكوومەتی عێراق زانیاری لەبارەی سەردانەكەی داود ئۆغلو هەبووە

سەرچاوەیەكی راگەیاندنی توركیا لە سەرۆكی فراكسیۆنی عێراقییە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی گواستۆتەوە كە حكوومەتی عێراق زانیاری لەبارەی سەردانەكەی ئەحمەد داود ئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ كەركووك هەبووە و رەخنەشی ئاراستەی هەڵوێستی حكوومەت بەرامبەر سەردانەكە كردووە.
بەپێی هەوالێكی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی توركیا "TRT" سەلمان جومەیلی سەرۆكی فراكسیۆنی عێراقییە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە كە حكوومەتی عێراق زانیاری لەبارەی سەردانەكەی ئۆغلو بۆ كەركوك هەبووە.
گوتیشی، توركیا هەمیشە رۆڵێكی ئەرێنی لە عێراقدا هەبووە، بۆیە حەق نییە حكوومەتی عێراق ناڕەزایی دەرببڕێ.
جێگای باسە حكوومەتی عێراق سەردانی هەفتەی رابردووی ئەحمەد داود ئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ هەولێر و كەركووك بە پێشێلكردن و رێز نەگرتن لە سەروەریی خاكی عێراق لە قەڵەم دا و هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵوێزخانەی توركیاش لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتن كرا، بەو پێیەی ئەو سەردانە بەبێ زانیاری و رەزامەندیی حكوومەتی عێراق ئەنجام دراوە.




