12 بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی سه‌رده‌می به‌عس هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه

په‌رله‌مانی عێراق له كۆبوونه‌وه دایه و چاوه‌ڕێ ده‌كرێ پڕۆژه یاساكانی دادگای فیدراڵی و ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری په‌سه‌ند بكات. هاوكات 12 بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی سه‌رده‌می به‌عس هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
د.سه‌عید خۆشناو، په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی كوردستانی له په‌رله‌مانی عێراق به رووداوی راگه‌یاندووە: نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ستیپێكردووه و بڕیاره ده‌نگ له‌سه‌ر چه‌ند پڕۆژه یاسایه‌ك بدرێ و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م بۆ چه‌ند پڕۆژه یاسایه‌ك بكرێ.
له گرنگترین ئه‌و پڕۆژیاسانه‌ی كه ئه‌مڕۆ ده‌نگی له‌سه‌رده‌درێ
یه‌كه‌م: پڕۆژه یاسای دادگای فیدراڵی.
دووه‌م: ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری.
سێیه‌م: خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی دووه‌م یاسای خزمه‌تی زانكۆیی.
چواره‌م: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه یاسای په‌سه‌ندكردنی رێككه‌وتننامه‌ی ناوچه‌ی بازرگانی ئازاد له نێوان عێراق و ئورده‌ن.
پێنجه‌م: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژیاسای رێككه‌وتنی عه‌ره‌بی بۆ گۆڕینه‌وه‌ی زیندانییه‌كان.
شه‌شه‌م: خوێندوه‌ی دووه‌م بۆ په‌سه‌ندكردنی رێككه‌وتننامه‌ی عه‌ره‌بی بۆ قه‌ڵاچۆكردنی گه‌نده‌ڵی.
حه‌وته‌م: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ په‌سه‌ندكردنی رێككه‌وتننامه‌ی عه‌ره‌بی له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی تاوانی رێكخراو له رێگه‌ی سنووری نیشتیمانی.
هه‌شته‌م: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی 12 بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی سه‌رده‌می رژێمی به‌عس.
نۆیه‌م: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ نووسینگه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی دادوه‌ری و داوه‌ره‌كانی لێكۆڵینه‌وه.




