جەبار یاوەر: هێزه زیادهکهی سوپای عێراق دهکشێتهوه

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگدەگەێنێت: وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی بەرگریی عێراق رێككەوتنێكی 7 خاڵییان بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی هێنانی سوپای عێراق بۆ ناوچەكانی سنووری زومار و شەنگار ئیمزا كردووە.
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەك شەممە 5/8/2012 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی بەڕێوە چوو رایگەیاند: دوێنێ لە شاری بەغدا بە ئامادەبوونی فەریق شێروان و من، هەروەها فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی وەزارەتی بەرگری و فەرماندەی پۆلیسی گشتیی عێراق كۆبوونەوەیەك بەڕێوە چوو.
گوتیشی، پاش 3 كاتژمێر گفتوگۆكردن لەبارەی پرسی هێنانی هێزێكی سوپای عێراق لە رۆژی 27ی مانگی رابردوو بۆ ناوچەی زومار و ئاڵۆزبوونی دۆخەكە و وەستانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەرامبەر بە یەكتر، گەیشتووینەتە رێككەوتنێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان روونیشی كردەوە: لەوبارەیەشەوە رێككەوتنێكی 7 خاڵی لە نێوانماندا ئیمزاكرد، ڕێككەوتنەكەش بریتی بوو لەوەی ئەو دوو هێزەی سوپای عێراق و پێشمەرگە كە بەرووی یەكتر وەستاون، هیچ جموجۆڵێكیان بەرەو سنووری یەكتر نەبێ، بگرە روویان بكەنە سنووری سووریا بۆ پاراستنی سنووری نێوان عێراق و سووریا.
گوتیشی، هەرچی هێزی سەربازیی زیادە هەیە لەو ناوچانە كە بەهۆی ئەو كێشانەوە هاتوونە ناوچەكە، دەگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان و شەقامە گشتییەكان دەكرێنەوە، دوای تەواوبوونی كێشەی سووریاش هەموو ئەو هێزانە دەگەڕێنەوە ئەو شوێنانەی پێشتر لێوەی هاتوون.
ئاماژەی بەوەشدا، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی سەرۆكی هەرێم وەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێم و نووری مالیكی وەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لێژنەی باڵای كاری نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگریی عێراق و پێشمەرگە بەكردەوە لە ناوچەكانی نەینەوا بۆ دانانی رێوشوێنی نوێی كاركردن لە ناوچە دابڕاوەكان دەكرێت.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستە روو، پێشتر لێژنەی باڵای كاری نێوانمان سێ لایەن بوو كە بریتی بوون لە حكوومەتی عێراق و هەرێم و نوێنەری سوپای ئەمەریكا، بەڵام ئێستا لێژنەكە لە نێوان ئێمە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا كار دەكات و ئەمەریكایییەكان وەك هاوئاهەنگی لەگەڵماندا دەبن.
ئەوەشی راگەیاند، خاڵێكی تریش بریتی بوو لەوەی لێژنەی باڵای كار داوای دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێم دەكا.
دواتریش ئاماژەی بەوەدا، زۆر جار ئەو كێشانە بەهۆی گەیشتنی زانیاریی هەڵە بووە بە هەردوو لایەن، بۆیە لەمەودوا هەر زانیارییەك بگا، پێشتر دەبێ لەلایەن لێژنەی باڵای كار پشتڕاست بكرێتەوە بۆ ئەوەی وەڵامدانەوەی بە هەڵە دروست نەبێ، هیوامان وایە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتووشدا بەكردەوە دەست بە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە بكرێ.
جێگای باسە لە 27 مانگی رابردوو حكوومەتی عێراق بە پاساوی پاراستنی ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و سووریا، هێزێكی گەورەی كە لە هەردوو لیوای 37 و 38 پێك هاتوون رەوانەی ناوچەی زومار لە پارێزگەی مووسڵ كرد، لیوای 8ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە كە لەو ناوچەیەدا جێگیرە رێگەی بەو هێزە نەداوە سنووری دەسەڵاتی هێزەكانی پێشمەرگە ببەزێنن.




