پرۆژەیاسای پاراستنی پیرۆزیی ئایینەکان تەواو کراوە و ئامادەى گفتوگۆکردنە

ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان ئاماژەی دا، پرۆژەیاسای پاراستنی پیرۆزی ئایینەکان تەواو کراوە و بە مەبەستى گفتوگۆکردن ئاراستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان کراوە.
ئەندامى لیژنەى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى، سەباح بەرزنجى رایگەیاند: "بۆ سنووردانان و دیارىکردنى سزا و رێوشوێنى پێویست بەرانبەر ئەنجامدەرانى بێڕێزى بەرانبەر ئایینەکان لە هەرێمى کوردستان، لیژنەى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى بە هاوکارى لایەنە پەیوەندارەکان هەستا بە ئامادەکردنى پڕۆژەیاسایەک، ئێستا کارەکانى ئەو پڕۆژەیاسایە تەواو کراوە و ئاراستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان کراوە، بە مەبەستى گفتوگۆکردن و پەسندکردن بیخاتە ریزبەندى پڕۆژەیاساکانى تر و خوێندنەوەى یەکەمى بۆ بکرێت."
بە گوتەی بەرزنجى، لەو پڕۆژەیاسایەدا هەموو ئەو بابەت و لایەن و کەسانە دیارى کراون کە لە ناو ئاییندا پیرۆزن و نابێت بێرێزى بەرانبەریان بکرێت، هەروەک رێوشوێن و رێکارى یاسایى بەرانبەر ئەنجامدەرانیشى دیارى کراوە کە پێویستە لایەنى پەیوەندار لەو کاتەدا جێبەجێى بکات.




