ئەندامێکی لیژنەی دانوستانکاری ھەرێم: پێویستە سەرۆکی ھەرێم مەرجەعمان بێت

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info- ئەندامێکی شاندی باڵای دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بڕیاری لەبارەی پێکھێنانی لیژنەی دانوستانکار دەکردووە، پێویستە هەر ئەویش ببێتە مەرجعیان، نەک پارتە سیاسییەکان.
ئەندامی شاندی باڵای دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان، یاسین حەسەن، بۆ kdp.info گوتی: پێویستە سەرەتا ئێمە وەکو شاندی خۆمان کۆ بینەوە و دواتر مەرجعیەتی خۆمان دیاری بکەین و سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی بڕیاری دەست بەکاربوونی ئێمەی دەرکردووە، چونکە ئەو لەگەڵ ھەموو لایەنەکان کۆ بووەتەوە و ئایە خۆی مەرجع دەبێت یاخود بەرفراوان دەکرێت، بۆیە پێویستە لەگەڵ مەرجعیەتی خۆمان کۆ بینەوە و نەخشەرێگە و داواکاری و ھێڵە سوورەکانی خۆمان دیاری بکەین و، دواتر ئەوە دیاری بکەین سەرەتا لەگەڵ چ لایەنێک دەست بە دانوستان بکەین و بە چ جۆرە حکوومەتێک رازی دەبین."
یاسین حەسەنکە لە لایەن کۆمەڵی ئیسلامییەوە ئەندامی شاندی دانوستانکارە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا روونی کردەوە، "زۆر گرینگە ئەمجارە ئەوە یەکلایی بکەینەوە گەرەنتی چییە وەکو جارانی پێشوو حکوومەت دروست بکرێت و دژایەتیی کورد نەکات، بۆیە پێویستە سەرەتا خۆمان کۆ بینەوە و دواتر دوو دانیشتن لەگەڵ مەرجعیەتی خۆمان بکەین و نەخشە رێگا دابرێژرێت، ئەو کات بەرەو بەغدا بچین."
ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانکاری ھەرێم زیاتر گوتی: ئەزموونمان ھەیە لە دانوستان و دەزانین داواکاریی ئێمە چییە، بەڵام کە دەست بە دانوستان دەکرێت، کۆمەڵێک شتی نوێ دێتە پێشەوە، پێویستی بە نەخشەرێگایەک ھەیە لەسەری بڕۆین."
یاسین حەسەن گوتیشی: ناکرێت ھەموو کاتێک مەرجعیەتی ئێمە پارتە سیاسییەکان بێت، بۆیە لە ئێستادا بڕیاری ئێمە لە کوێ دەرچووبێت ئەوێ دەبێتە مەرجع و بۆ مەرجعی خۆمان دەگەڕێینەوە، رەنگە نوێنەری ھەرلایەنێک بۆ پارتەکەی خۆی باسی گوتوێژەکان بکات کە چۆن بەرێوە دەچێت، بەڵام دەبێ بڕیاری ئێمە لە کوێ دەرچووبێت ئەوێ مەرجعی ئێمە بێت."
بڵند ئیبراھیم




