پارێزگاری مووسڵ: ڕێگە نادەین لە موسڵەوە هێرش بكرێتە سەر هێزی پێشمەرگە

پارێزگاری مووسڵ ئەسیل نوجێفی لە دیمانەیەكیهەولێرـدا ئاماژەی دا كە ئەوان بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا نین كە بەو شێوەیە بارگرژی لە سنووری پارێزگای ئەواندا پەیدا بووە. گوتیشی كە بە هۆی هاوسنووری لەگەڵ وڵاتی سووریاوە، ئێستاكە مووسڵ بووەتە مەیدانی ململانێی سیاسی. دەبێت وەك واقیع هەڵسوكەوت لەگەڵ بارودۆخی سووریادا بكرێت و نابێ بە هۆی شەڕی ئازادیی سووریاوە هەوڵ بدرێت ئازادیی خەڵكی دیكە لە ناوچەی مووسڵ تێك بدرێت.
ئەسیل نوجێفی گوتیشی: ئێمە ئاگاداری ئەوەین كە هەندێك كەس دەخوازن شەڕی كورد و عەرەب دروست بكەن و لە سنووری پارێزگای مووسڵ ئاشتی و تەبایی تێك بدەن وەكوو بەدیلێك بۆ لایەنگریی مەزهەبی و بارودۆخی وڵاتی سووریا.
نوجێفی لە بارەی هاتنی سوپای عێراقەوە بۆ ناوچەی مووسڵ، ڕایگەیاند: ئەوە بابەتێكە بەپێی یاسا پارێزگا و ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەبووایە بڕیاری لەسەر بدابووایە نەك كەسێكی دیكە. كاری ئەنجوومەنی پارێزگایە كە پلانی ئەمنی دابڕێژێت بۆ ناوچەكە نەك بە بێ پرس و را بە ئێمە هێز رەوانەی ناوچەكە بكرێت، چونكە بەپێی یاسا مەلەفی ئەمنی لە دەستی ئێمەدایە و دیاریشە كە بڕیارەكە بە نایاسایی لە سەرووی ئێمە دراوە.
پارێزگاری مووسڵ، گوتیشی: ئێمە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و تەبایی لە ناوچەكەدا دەدەین و بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادەین خەڵكی ئێمە زەرەرمەند بێت. ئەگەر كۆكردنەوەی هێزی سوپای عێراق لە ناوچەی رەبیعە، پاراستنی رەوشی ئەمنیی ناوچەكە بێت، ئەوا شتێكی دیكەیە، بەڵام ئەگەر بۆ تێكدانی بارودۆخی ئەمنی و بەربەرەكانیكردن بێت لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا، ئەوا ئێمە وەكوو پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو بابەتەدا نین و نایشبین.
ئەو هەروەها داوایشی لە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق كرد كە بە شێوەیەكی فەرمی مەبەستی خۆی لە جووڵاندنی هێزەكانی سوپای عێراق بۆ دەڤەری مووسڵ بخاتە ڕوو. ئەگەر بە هۆی كار و كردەوەی تیرۆرستییە، بۆچی لە ماوەی رابردوودا هێز رەوانەی ئەو ناوچانە نەدەكرا كە مووسڵ ببووە مەیدانی شەڕی تیرۆر و چەندەها خەڵك بە كوشت دران.
پارێزگاری مووسڵ، گوتیشی كە ئەو شوێنانەی سوپای عێراقی لێ جێگیر كراوە، شوێنی هاوسنوور و ناوچە كێشەلەسەرەكانن. ئێمە تاكوو ئێستاكە كێشەمان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو ناوچانە هەیە، بەڵام دەكرێت ئەو كێشانە لەگەڵ یەكتریدا چارە بكەین. بردنی هێز بۆ ئەو ناوچانە، چارەی كێشەكە ناكات و ئێمەیش وەكوو پارێزگای مووسڵ بڕوامان وایە كە چارەكردنی ئەو گرفتە زۆر ئاسانە.
ئەسیل نوجێفی ڕوونیشی كردەوە: بڕوامان بە كێشەی ماددەی 140 هەیە و دەبێت ئەو كێشەیە لەگەڵ برا كوردەكانمان بە كۆتا بهێنین




