٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەتوانین پرسیار ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی بکەین... چوار ساڵی داھاتوو، جیاوازتر دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-تایبەت بەkdp.info- سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ھاتنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دووەم جار بۆ پەرلەمانی کوردستان پێش پێکھێنانی کابینەی نوێ، ھەنگاوێکی گرینگە و چوار ساڵی داھاتوویش جیاواز دەبێت لە رابردوو و بەشێکە لە پرۆسەیەکی نوێ کە لە وڵات دەست  پێ دەکات.

سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو، بۆ kdp.info گوتی: "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر داواکاریی خۆی و بۆ روونکردنەوەی زیاتر لەبارەی فرۆشتن و داھاتی نەوت داوای لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کردووە کە سبەی بەیانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆک فراکسیۆنەکان ئەنجام بدات و، ھەندێک دەنگۆ ھەن کە لیژنەی سامانە سرووشتییەکان و داراییش لەو کۆبوونەوەیە بەشدار بن و، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکوومەت بە وردی باس لە فرۆشتن و داھاتی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکات."

ئومێد خۆشناو گوتیشی: "لەبەرئەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمان نییە، دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی ڕوونکردنەوەی خۆی دا، ئێمەیش دەتوانین پرسیاری خۆمانی ئاراستە بکەین."

سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمان راشیگەیاند: "ئێمە وەکو فراکسیۆنی زەرد کۆ دەبینەوە و ئامادەکاریی خۆمان دەکەین بۆ ئەو کۆبوونەوەیە و ھەرکاتێک سبەی لە دوای ڕوونکردنەوە، وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەی تێدا نەبوو پرسیاری خۆمان دەکەین."

خۆشناو زیاتر گوتی: "ئەمە دەستپێکێکی گرینگە بۆ چوار ساڵی ئایندە کە نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت ھەماھەنگیێکی باش لەنێوان حکوومەت و پەرلەمان ھەبێت، بۆئەوەی لە خزمەتی خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا بێت، ئەمەش بەشێکە لەو پرۆسە نوێیەی لە وڵات دەست پێ دەکات کە چوار ساڵی داھاتوو جیاواز دەبێت لەگەڵ رابردوو، چونکە تائێستا حکوومەت پێک نەھاتووە و لە ماوەی ھەفتەیەکدا ئەمە دووەم جارە سەرۆکی حکوومەت بێتە پەرلەمان، ئەمەش بە ھەنگاوێکی گرینگ و پربایەخی لەقەڵم دەدەین."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار