ئەردۆغان: ئەوەی باسی تیرۆری دەوڵەت دەكا، با سەیری ئاوێنە بكات

ئانكارا- KDP.info- سەرۆكوەزیرانی توركیا ڕایگەیاند، ئەو كەس و لایەنانەی لە توركیا باسی تیرۆری دەوڵەت دەكەن، با سەرەتا سەیری ئاوێنە بكەن.
سەرۆكوەزیرانی توركیا و سەرۆكی گشتیی ئاكپارتی رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە كۆبوونەوەی فڕاكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیادا گوتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: با ئەو كەسانەی (مەبەستی پەرلەمانتاری هەدەپە، سرری سورەئا ئۆندەرە) كە لە توركیا باسی تیرۆری دەوڵەت دەكەن، سەرەتا سەیری ئاوێنە بكەن، تۆ بە پشتگیریی تیرۆر بووی بە سەرۆكی شارەوانی، ئایا لەو شوێنانەی شارەوانی ئاكپارتییان تێدا هەیە خوێن هەبوو؟ ئەگەر خوێن هەیە ئەوا لەو شوێنانەدا هەیە كە ئێوە تێیدان، سەیر بكە نەتانتوانی لە بەرامبەر چالاكیی دایكان لە دیاربەكر پشووفراوان بن، ئەوانەی منداڵی ئەو دایكانەیان بردووەتە چیا و ئەوانەی پشتگیریی ئێوەیان كردووە، رێكخراوی تیرۆریستییە.
ئەردۆغان بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانی دا: لە كاتێكدا كە منداڵەكانی ئێمە دەڕفێنرن و دەبرێنە سەر چیا، منداڵانی ئەوانەی كە دەستیان لە نێو دەستی تیرۆریستانە، منداڵی سەرۆكەكانی بەدەپە و هەدەپە و كاربەدەستانی ئەو دوو پارتە لە ئەمەریكا و ئەورووپا دەخوێنن یا وەكو گەشتیار بۆ خۆیان دەگەڕێن. منداڵە هەژارەكانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵو لەسەر چیاكان مەحكوومی ژیانێكی زۆر خراپ و مردنێكی بێشەرەفانەن، ئەی كاربەدەستانی هەدەپە و بەدەپە لە حاڵەتێكی لەو جۆرەدا ئێوە لە ماڵەوە چۆن سەیری منداڵانتان دەكەن؟
ئەرۆدغان هەروەها ئاماژەی دا: ئەگەر هەدەپە ناتوانێ كۆتایی بەو سیاسەتە دژ بە مرۆڤایەتییە بهێنێ و ئەو چالاكییانە رابگرێ با بزانین، چونكە بۆ چارەكردنی ئەو پرسە و گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانە بۆ باوەشی دایكانیان، رێباز و بەرنامەی ئێمەیش هەیە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ پێش ئەوەی پلان و بەرنامەكانمان جێبەجێ بكەین هەدەپە كۆتایی بە چالاكیی رفاندنی منداڵان بهێنێ و منداڵە رفێنراوەكان ئازاد بكات و بیانگەڕێنێتەوە، چاوەڕێ دەكەین هەدەپە ئەو پرسە چارە بكا، ئەگەر دەترسن و یا هەڕەشەیان لێ دەكرێ، با بە ئاشكرا بۆ رای گشتی باسی بكەن و ئەگەر وەكو دایكە بوێرەكانی دیاربەكر جەسارەتیان نییە، با بیڵێن.
هیوا ئەردەلان




