٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دەوڵەت باخچەلی: لە رۆژهەڵاتی توركیادا شتێك بە ناوی دەوڵەتی توركیاوە بوونی نییە

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا-KDP.info- سەرۆكی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا دەڵێ، لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی توركیا شتێك بە ناوی دەوڵەتی توركیاوە بوونی نییە، پارێزگار و كاربەدەستانی دەوڵەتیش لە ناوچەكەدا ناتوانن خۆیان بپارێزن.

سەرۆكی گشتیی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە) دەوڵەت باخچەلی، لە كۆبوونەوەی فڕاكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیادا گوتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: چەند كەس و لایەنێك دەیانەوێ خەنجەر لە پشتی تەبایی ناوخۆیی توركیا، برایەتی و هەماهەنگی و رۆحی هاوكاریی توركیا بدەن. ساڵانە حكوومەت سازشی لە بەرامبەر پەكەكە كردووە و مامەڵەی لەگەڵیاندا كردووە و گوایا كۆتایی بە تیرۆر دەهێنرێ، ئەمە نەزانی و غافڵبوونە، لە لایەكەوە بووەتە هۆی جەسارەتوەرگرتنی پەكەكە و ئامادەكردنی سەنگەر لە لایەن پەكەكەوە و لە لایەكی دیكەوە لۆبی جوداخوازی و پارچەكردنی توركیای بەهێزتر كردووە، پڕۆژەی كرانەوەی دیموكراتیك یەكەمین هەنگاوی پڕۆژەی پێشكەشكردنی توركیا بە پەكەكەیە.

باخچەلی لە بارەی پرسی رفاندنی منداڵەكان لە لایەن پەكەكەوە گوتی: ئەگەر سەرۆكوەزیرانی توركیا شەرەف و شكۆی هەبێ، ئەوا چاوەڕوانی ویدژانی پەكەكە، بەدەپە و هەدەپە ناكات كە ئەو منداڵانە بگەڕێننەوە، بەڵكوو هەموو ئیمكان و دەرفەتەكانی دەوڵەت بە كار دەهێنێت و ئەو منداڵانە دەدۆزێتەوە و ئازادیان دەكات.

باخچەلی لە بەشێكی دیكەی قسەكایندا گوتی: بە هۆی بێدەنگی و لاوازیی سەرۆكوەزیرانی توركیا لە بەرامبەر پەكەكەدا، لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی توركیا هیچ شتێك بە ناوی دەوڵەتی توركیاوە بوونی نەماوە، پارێزگار و كاربەدەستانی توركیا لە ناوچەكەدا توانای پاراستنی خۆیانیان نییە و توركیا كەوتووەتە نێو دووڕێیانی پارچەكردن و دابەشبوون و سەرۆكوەزیرانی توركیا لە پێناو گەیشتن بە پۆستی سەرۆككۆماری و جێبەجێكردنی سیستەمی سەرۆكایەتی لە توركیادا، بەشێكی توركیای پێشكەشی پەكەكە و ئۆجەلان كردووە.

هیوا ئەردەلان

 

هەواڵی پەیوەندیدار