پەیەدە بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی سووریادا دەكات

رۆژئاوای كوردستان- تایبەت بە KDP.info- ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا دەڵێت، لە هەموو شارە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان سندووقی دەنگدان دانراوە و "ئێمەش داوامان لە لایەنگرانی خۆمان كردووە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا نەكەن، بەڵام پەیەدە بەشداری دەكات."
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا بەشار ئەمین، بۆ kdp.infoگوتی: ئێمە وەكو ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا ناكەین و پەیەدەش باسی لەوە دەكرد بەشداری ناكەن، بەڵام كانتۆنەكانی ئەوان پێچەوانەی بڕیارەكەیان بەشدارییان لەو هەڵبژاردنەدا كردووە.
بەشار ئەمین گوتیشی: لە تەواوی شارەكانی رۆژئاوای كوردستاندا سندووقی دەنگدان دانراوە و تەنها لە پارێزگای جەزیرە نزیكەی 700 سندووق هەن و بەرپرسەباڵاكانی ئەوانیش هەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە و خەڵكیان سەرپشك كردوە لە بەشداریكردن لەو هەڵبژاردنەدا.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا زیاتر گوتی: كە پەیەدە بە خەڵك دەڵێت ئێوە ئازادن بەشداری لە هەڵبژاردندا بكەن، واتاكەی ئەوەیە كە بەشدار بن، ئەگەر نا رێگرییان دەكرد سندووقی دەنگدان دابنرێت.
ئەمڕِۆ 3/6/2014 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سووریا بەرێوە دەچیت و تێیدا بەشار ئەسەد جارێكی دیكە خۆی بۆ ئەو پۆستە پاڵاوتووە.
بڵند ئیبراهیم




