ئەمڕۆ هەڵبژاردن لە سووریا بەڕێوە دەچێت.. لە ناوچە كوردییەكان پەیەدە ئامادەكاریی تەواوی كردووە

هەولێر- KDP.info- پرۆسەی دەنگدان لە سووریا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت و چاودێران پێیان وایە لەم بارودۆخەی ئێستای سووریادا هەڵبژاردن هیچ مانایەكی نییە و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەیش بایكۆتی هەڵبژاردنی كردووە.
ئەمڕۆ 3/6/2014 پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی سووریا دەستی پێ كرد، لە كاتێكدا لە كاتژمێر 7ـی بەیانییەوە 9601 بنكەی دەنگدان بە ڕووی هاووڵاتیانی سووریادا كرانەوە، وەزیری ناوخۆی سووریا محەممەد شەعار ڕایگەیاند كە سەرجەم رێوشوێنە پێویستەكان گیراونەتە بەر بۆ بەدیهێنانی مافی دەستووری و داوایشی كرد هاووڵاتیانی سووریا بە بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكەدا گوزارشت لە ئیرادەی خۆیان بكەن بۆ بنیاتنانی سووریای داهاتوو و رەتكردنەوەی سەرجەم دەستێوەردانێكی دەرەكی.
لە هەڵبژاردنی سووریادا 3 كەس كێبڕكێ بۆ بەدەستهێنانی سەرۆكایەتی سووریا دەكەن ئەوانیش بریتین ماهیر عەبدولحەفیز حەجار لە دایكبووی 1968ـی حەلەب و حەسان عەبدوڵڵا نووری ساڵی 1960 لە دیمەشق لە دایك بووە، هەروەها بەشار حافز ئەسەدیش كاندیدی سێیەمە كە براوەی هەڵبژاردنەكان دەبێت.
هاوكات لە ناوچە كوردییەكانی ئەو وڵاتەیش كە لە ژێر دەسەڵاتی پەیەدەدان، هێزێكی زۆری ئاسایشی چەكداری سەر بەو پارتە بڵاوەی پێ كراوە بە مەبەستی پاراستنی بنكەكانی دەنگدان و كارئاسانی بۆ خەڵك بۆ ئەوەی بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بكەن.
كەناڵی "ئۆرنت" ئاماژە بەوە دەدات كە پەیەدە هەموو ڕێوشوێنێكی گرتووەتە بەر بۆ پارێزگاریكردن لە دامەزراوەكانی ڕژێمی سووریا لە كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكاندا.
سووریاییەکان لە کاتێکدا بەرەو سندووقەکانی دەنگدان چوون، کە وەها چواوەڕوان دەکرێت سەرۆکی ئێستا، بەشار ئەسەد بە ڕێژەیەکی بەرچاو سەرکەوتن بە دەست بێنێت کە لەسەر دەستی ئەو زیاتر لە سێ ساڵە شەڕ و کوشتار لە وڵاتدا هەیە کە بە هۆیەوە نزیکەی 160000 هەزار کەس کوژراون.
بەرهەڵستکارانی ئەسەد و هێزە ڕۆژئاواییەکانیش وەها لە هەڵبژاردن دەڕوانن کە شانۆگەرییەکی پێکەنیناوییە و دەشڵێن، ناشێت هەڵبژاردن لە وڵاتێکدا ساز بدرێت کە ڕووبەرێکی زۆر و بەرفراوانی لە ژێر دەستی دەوڵەتدا نەبێت.
هیزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لە ماوەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردندا، بۆ لادان یان ڕووخاندنی ئەسەد، هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستەڵاتی حکوومەتدان چڕ کردبووەوە.
بەشار ئەسەد لەم هەڵبژاردنەدا دوو ڕکابەری نەناسراوی هەن کە پەرلەمان ڕازیی ببوو ململانێ بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەو وڵاتە بکەن، بەمەیش دەبێت بە یەکەمینجار لە مێژووی 50ساڵەی ئەو وڵاتەدا ململانێ بۆ ئەو پۆستە بکرێت.
7 هەڵبژاردنەکەی سەرۆکایەتیی کە لە سووریا ساز دراون تەنیا بۆ متمانەدان بە بەشار و حافز ئەسەدی باوکی بوون کە هیچ جارێک 99%-ی دەنگەکانی کەمتر بە دەست نەهێناوە، بەڵام بەشاری کوڕ 7 ساڵ لەمەوبەر 97.6%-ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە.
وەک ڕۆیتەرزیش بڵاوی کردووەتەوە هیچ چاوەڕوان ناکرێت ڕکابەرەکانی ئەسەد هەڵبژاردنەکە ببەنەوە کە یەکێکیان وەزیرێکی پێشووتر و ئەوی دیکەیش پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە بوون.




