تانەر یڵدز: تورکیا رۆڵی باش دەگێڕێ بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێم و بەردەوامیش دەبێت

هەولێر-KDP.info-AA- وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا روونی کردەوە وڵاتەکەی مافی ئەوەی نییە مشتەری بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بدۆزێتەوە و داهاتەکەیشی هەرچەندبێ عێراقییەکان خۆیان رێک دەکەون چۆن دابەشی بکەن.گوتیشی تورکیا رۆڵی باش دەگێڕێ بۆ گواستنەوەی ئەو نەوتە و بەردەوامیش دەبێت.
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، تانەر یڵدز سەبارەت بە پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و راوەستانی یەکێ لەو کەشتیانەی نەوتەکەی هەڵگرتووە لە کەناراوەکانی دەریای رەش. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەو نەوتە نەوتی تورکیا نییە و موڵکی عێراقییەکانە. بۆیە داھاتی ئەو نەوتە ھیی خۆیانە. ئەو نرخەی بۆ گواستنەوە وەردەگیرێ لە بەرامبەر ئەو داھاتەدا زۆر کەمە، ئێمە ھیچ پەیوەندییەکمان بەوەوە نییە کە ئەو نەوتە بە کێ یا چۆن دەفرۆشرێ، کاری ئیمە بارکردن و گواستنەوەیەتی جا دەیانەوێ بە هەر وڵاتێکی بفرۆشن بە ئەمەریکا بێ یان بە چین یان بە ئەورووپا، ھیچ پەیوەندییەکی بە تورکیاوە نییە."
ئەم لێدوانانەی یڵدز پاش ئەوە دێت کە حکوومەتی عێراق ئانکارای تۆمەتبار کردووە بەوەی کە نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی دەرەوە دەکات و مشتەریشی بۆ دەدۆزێتەوە.
یڵدز هەروەها گوتی: "ئەو داھاتەی لە ڕێی فرۆشتنی نەوتەوە دەست عێراقییەکان دەکەوێ، بەگوێرەی ئەو سیستمەی هەیان دابەشی دەکەن، بۆیە ئەو قسانەی لە لایەن کاربەدەستانی عێراقەوە بە تورکیا دەگوترێن، ھیچی راست نین و مایەی قبووڵکردنیش نییە. تورکیا رۆڵی باش دەگێڕێ بۆ گواستنەوەی ئەو نەوتە و بەردەوامیش دەبێ."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گواستنەوەی نەوتی عێراق لە ڕێی یۆنانەوە تا شوێنی تورکیا بگرێتەوە، یڵدز گوتی: "دنیا زۆر گەورەیە و ھەموو کەس پڕۆژەی ھەبێ دەتوانێ جێبەجێی بکا، ھەر وەک چۆن لە چوارچێوەی سیاسەتی وزەدا تورکیا ھەوڵ دەدا ببێتە پێشەنگ، وڵآتانی دیکە دەتوانن ئەو هەوڵە بدەن و مافی کەس نییە کۆسپ بخاتە بەردەم وڵاتانی دیکە بۆ وەگەڕخستنی پرۆژە ستراتیژییەکانی."




