بڕیاردەری لیژنەی ئابووری: تا بودجە پەسەند دەکرێت دانیشتنەکانی پەرلەمان بەردەوام دەبن

بەغدا-تایبەت بەKDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی دەستوور دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق بەردەوام دەبن، تا پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند دەکرێت، بە پێچەوانەوە دەبێتە پێشێلکردنی دەستوور.
بڕیاردەری لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، مەحما خەلیل، بۆ kdp.info گوتی: بەپێی ماددەی 57ی دەستووری عێراق پەرلەمان ناتوانێ کۆتایی بە خولی پەرلەمان بھێنیت، تاوەکو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسەند دەکرێت.
مەحما خەلیل راشیگەیاند: لە 14ی ئەم مانگەوە تەمەن خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق کۆتایی پێدێت و جارێ دیار نییە ماوەکە درێژ دەکرێتەوە یاخود کۆتایی پێ دێت، بەڵام بەپێی دەستوور ناتوانرێ کۆتایی پێ بھێندرێت تا بودجە پەسەند دەرێت.
بڕیاردەری لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق روونیشی کردەوە، حکوومەتی عێراق نایەوێت لەمساڵدا بودجە پەسەند بکرێت و دەیەوێت بودجەی ئەمساڵ و ساڵی داھاتوو بەیەکەوە پەسەند بکرێت، چونکە پارەیەکی زۆری لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان خەرج کردووە، بۆیە دەیەوێت بەم رێگەیە گەندەڵییەکانی بشارێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




