بۆ ڕەتکردنەوەی هەڵبژاردن، سبەی لە ڕۆژئاوای کوردستان خۆپێشاندان ساز دەدرێت

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- بۆ سەرزەنشتکردنی سازدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا لە ڕۆژئاوای کوردستان، بزووتنەوەی لاوانی کورد(T C K)، داوا دەکات سبەی سێشەممە لە قامیشلۆ و دێرک خۆپێشاندان ساز بدرێت.
لە بەیاننامەیەکیاندا کە وێنەیەکی بۆKDP.info نێردراوە، وێڕای سەرزەنشتکردنی سازدانی، هەڵبژاردن بە گاڵتەجاڕی و شانۆگەرییەک ناو دەبات کە ڕژێمی بەعس و بەشار ئەسەد لە سووریا بەڕێوەی دەبەن، چونکە هەڵبژاردن لە کاتێکدایە کە لەسەر دەستی ئەوان دەیان هەزار کوژراو هەن و سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون و وڵاتی خۆیان جێ هێشتووە.
بزووتنەوەی لاوانی کورد(T C K) لە بەیاننامەکەدا هاوکات داوا لە "ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد، ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوا، بزووتنەوەی جەماوەری و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەکات بۆ خۆپێشاندان دژ بە هەڵبژاردن لە ناوەوە و دەرەوەی ڕۆژئاوای کوردستان بڕژێنە سەر شەقامەکان."
بزووتنەوەکە ڕێکخستنی خۆپێشاندانی لە دێرک سبەی سێشەممە سەعات 10و نیوی بەیانی لە شەقامی سەرەکیی بەرانبەر بەرید سیاریی کردووە، هەروەها سەعات 2-ی پاشنیوەڕۆی بۆ خۆپێشاندان لە قامیشلۆ لە شەقامی مونیر حەبیب دیاریی کردووە.
بەپێی بەیاننامەکە، بزووتنەوەکە لە خۆپێشاندانی بزووتنەوەی لاواندا لە ڕۆژئاوای قامیشلۆ لە بەردەم شەلمان فارسی لە هەمان ڕۆژدا بەشداری دەکات.




