٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئامینە زكری: هاتنی سەرۆکوەزیران بۆ پەرلەمان، بۆ ڕەواندنەوەی گومانەکانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر – تایبەت بە KDP.info- جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، هەرچەندە پرۆسەی ناردنەدەرەوەی نەوت پێشتر لە پەرلەمان ڕوون كراوەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەندێك لایەن تێبینییان هەیە، نێچیرڤان بارزانی خۆی داوای كردووە بێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی پرۆسەكە ڕوون بكاتەوە و هیچ لایەنێك گومانی لە پرۆسەکە نەبێت.

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان ئامینە زكری، بۆ kdp.infoگوتی: مەبەستی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممە سەردانی پەرلەمان بكات و لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنەكاندا لەبارەی پرۆسەی هەناردەكرن و فرۆشتنی نەوت كۆ ببێتەوە، بۆ ئەوەیە پرۆسەكە ڕوون بكاتەوە و هیچ لایەنێك گومانی نەبێت.

ئامینە زكری گوتیشی: سەرۆكی حكوومەت لەسەر پێشنیازی خۆی دێتە پەرلەمان و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆیش بۆ پەرلەمان نییە پرسیار ئاڕاستەی حكوومەت بكات.

جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند: هەرچەندە پرۆسەی ناردنی نەوت پێشتر لە پەرلەمان ڕوون كراوەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەندێك لایەن تێبینییان هەیە، نێچیرڤان بارزانی خۆی داوای كردووە بێتە پەرلەمان و پرۆسەكە ڕوون بكاتەوە.

ئەو زیاتر ڕوونی كردەوە: سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان بە نوێنەرایەتیی هەموو ئەندامان لەو كۆبوونەوەیەدا بەشدار دەبن و سەرۆكی حكوومەت خۆیشی دێتە پەرلەمان و پێویست بە رێككەوتن ناكات كە چۆن پرسیاری ئاراستە بكەن و چۆن بێتە پەرلەمان، بەڵام وەك هەستكردن بە بەرپرسیارەتی و بۆ ئەوەی پەرلەمان ئاگادار بێت، سەردانی پەرلەمان دەكات.

ئەمەیش لە كاتێكدایە، ژمارەیەك پەرلەمانتاران نووسراوێكیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە و داوایان كردووە پەرلەمانتارانیش بەشداری لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەدا بكەن.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار