لێدوانی نووری مالیكی لەبارەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە پێكەنیناوییە

بەغدا-تایبەت بە KDP.info- سەرۆكوەزیرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا باس لەوە دەكات، هیچ شتێك نییە ناوی بڕینی مووچەی فەرمانبەران بێت و ئەوە لافیتەیەكە بۆ هاندان بەرز دەكرێتەوە. لە بەرامبەردا پەرلەمانتارێكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی وەڵامی ئەو لێدوانەی سەرۆكوەزیران دەداتەوە و دەڵێت، ئەم لێدوانە پێكەنیناوییە، چونكە سەرۆكوەزیران هەست دەكات خەڵك تێناگات، لە كاتێكدا هەموو خەڵكی عێراق دەزانێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بڕیوە.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی هاپەیمانیی كوردستانی جوولە حاجی، بۆ kdp.infoگوتی: "سەرۆكوەزیرانی عێراق وا هەست دەكات خەڵك گەمژەیە و لە هیچ ناگات، بۆیە ئەو جۆرە لێدوانانە دەدات، بە تایبەت كە توانیویەتی قەناعەت بە شەقامی شیعە بكات كە هەرێمی كوردستان سامانی عێراق بۆ خۆیان بەكار دەهێنن."
جوولە حاجی گوتیشی: "نووری مالیكی لە كاتێكدا دەیتوانی ئەو لێدوانە بدات كە كەسێك باسی لەوە كردبا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت، بەڵام با بۆ خەڵكی ڕوون بكاتەوە و بە بەڵگە بیسەلمێنیت كە وەزارەتی دارایی لە بەردەستی خۆیدایە، وەلێ شەرمە بۆ سەرۆكوەزیرانێك ئەم جۆرە لێدوانانە دەدات."
سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینە، ئەو پەرلەمانتارە كوردە ئاماژەی دا: "حكوومەتی بەناو شەراكەتی نیشتمانی نەیتوانی خەونەكانی گەلی عێراق بەجێ بێنی، ئینجا حكوومەتی زۆرینە، بەڵام ئەمە تەنیا گوشارێكە بۆ لایەنەكانی شیعە، بە تایبەت رەوتی سەدر و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، ئەگەر نا كورد بە هیچ شێوەیەك بەشداری لە حكوومەتێكدا ناكات ئەگەر داواكارییەكانی جێبەجێ نەكرێن."
بڵند ئیبراهیم




