٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد شەعبان: پارەی فرۆشتنی نەوت، ڕەنگە پاش مانگێک بگاتە هەرێم

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- تایبەت بە KDP.INFO- جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، هەرێمی كوردستان تا ئێستا دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، بەڵام تاوەكو ئێستا پارەی فرۆشتنی نەوتی وەرنەگرتووە و ڕەنگە ماوەی مانگێکی پێ بچێت تا پارەكە دەگاتە هەرێمی كوردستان. گوتیشی، هەرێم بەپێی نرخی جیهانی نەوت دەفرۆشێت، كە لە 95 دۆلارەوە دەست پێ دەكات تاوەكو 105 دۆلار.

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دڵشاد شەعبان، بۆ kdp.infoگوتی: دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان لە عەمبارەكانی توركیا هەبوو، ئەمەش بە دوو قۆناخ فرۆشراوە، قۆناخی یەكەم ملیۆنێك بەرمیل و قۆناخی دووەمیش ملیۆنێك و500 هەزار بەرمیل نەوت بە وڵاتانی ئەورووپا فرۆشراوە، لەوانەش ئەڵمانیا و ئیتاڵیا.

دڵشاد شەعبان گوتیشی: بەپێی گوتەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە دەتوانن 250 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشن و تا كۆتایی ئەمساڵیش توانای فرۆشتنی 500 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێكدا دەبێت.

 جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بەپێی نرخی جیهانی دەفرۆشیت، كە لە 95 دۆلارەوە دەست پێ دەكات تاوەكو 105 دۆلار، بەڵام لە داهاتی ئەو نەوتە كرێی كۆمپانیاكانیش دەدرێت كە ئەوە حكوومەتی هەرێم دەزانێ لە سەدا چەندی بۆ ئەوانەیە 11%ـە یاخود زیاترە، ئەمەیش لەو داهاتە دەبڕدرێت.

دڵشاد شەعبان زیاتر گوتی: چوارشەممەی داهاتوو سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی سەردانی پەرلەمان دەكات و لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان كۆ دەبێتەوە و تێیدا باسی داهات و چۆنیەتیی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەو كات بە تەواوەتی ڕوون دەبێتەوە كە نەوتی هەرێم چۆن هەناردە دەكرێت و چۆن دەفرۆشرێت و داهاتەكەیشی چەندە.

شەعبان گوتیشی: رێكاری وەرگرتنی پارەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش بەو جۆرەیە كە یەكسەر هەمووی وەرناگرێت و ئەمە لە هیچ كۆمپانیایەكی جیهاندا نییە، بەڵكوو مانگانە رێژەیەكی ئەو پارەیە دەدرێت و سەرەتا دەچێتە حیساباتێك لە ئەمەریكا، دواتر دێتە توركیا و ئەو كاتیش رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بۆیە رەنگە تا دەگاتە هەرێمی كوردستان مانگێكی پێ بچێت.

ئەو هەروەها ئاماژەیشی دا: زەحمەتە جارێ پارەی فرۆشتنی ئەو نەوتە بگاتە هەرێمی كوردستان و ماوەیەكی پێویستە، بەڵام هەرێم دەتوانێ لە بانكەكانی جیهان پارە قەرز بكات و هەر كات پارەی نەوتی خۆی وەرگرت، قەرزەكە بداتەوە.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار