چاودێرێک: بەغدا سکاڵاکەی بە گەورەکۆمپانیاکانی نەوت دەدۆڕێنێ... هەرێمی كوردستان بە تەنیا نییە

هەولێر- KDP.info- چاودێر و شارەزایەكی كاروباری توركیا دەڵێت، لە فرۆشتنی نەوتدا هەرێمی كوردستان بە تەنیا نییە و توركیا و ئێرانیش بە دروستی تێی گەیشتوون. ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیشە کە ئەگەر ململانێ تەنها لە نێوان ئێكسۆن مۆبیل و حكوومەتی عێراقی لەسەر رۆیشتنی نەوت دروست بێ، حكوومەتی عێراق ئەو باجەی كە بۆ شەڕی كوێت لە نەوتەكەی دەگێڕدرێتەوە، دەبێ 20 ساڵی دیكەش ئەو باجە بدات كە لە دادگا بە ئیكسۆنی دەدۆڕێنێ.
چاودێری سیاسی و شارەزا لە كاروباری توركیا حەسەن ئەحمەد مستەفا، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و بەبازاڕكردنی، ڕووداوێكی گرینگە لە مێژووی سیاسی و ئابووریی ناوچەكەدا، هەم رۆژەڤی سیاسی گەرمتر دەكات و هەم بازاڕی ئابوورییش بەبڕشتتر دەكات، چونكە بەهۆی ئەو گۆڕانكاریانەی كە لە ناوچەكە و عێراق و ئەو ئاڵۆزی و ناجێگیرییە سیاسییەی هەبوو، هەموو بازاڕەكان پەنگیان خواردبوو بە سیاسەت و ئابوورییشەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین هەرێمی كوردستان ئەو تەلیسمەی شكاند و ئەمەش بەهێزبوونەوەی ئەو بازاڕانەیە بە سیاسی و ئابوورییەوە".
مستەفا گوتیشی: "ئەگەر شرۆڤەكاران و لایەنە سیاسییەكان بە تەنیا لە چوارچێوەی سەروەریی عێراق و ناردنی نەوت و كەشتییەكە رووی لە كوێ كرد شتەكە ببینن، ئەوا خوێندنەوەیەكی كورتبینانەیە و ئامانج ناپێكێ و ئەكادیمیش نییە، نەوتیش كاتێك لە زەوی دەركەوت، رێی خۆی دەكاتەوە و كێشەی ئەوەی نابێ لە بازاڕەكانی جیهان كێ دەیكڕێ و كێ نایكڕێ، بەڵام لێرە سێ كارەكتەری گرینگ هەن كە توركیا و هەرێمی كوردستان و عێراقن، ئەو سێ كارەكتەرە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە تازەیەدا دەكەن، توركیا بە دروستی تێی گەیشتووە و دەزانێ ئەوە بەس تەنها ناردنی نەوت نییە، بەڵكوو ئەوە قبووڵكردنی واقیعە نوێیەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە كورد لەم واقیعە نوێیەدا كاراكتەرێكی سەرەكییە و كۆنتڕۆڵی ئابووری و سەروەریی خۆی دەكات و ئێرانیش دەیەوێ رۆڵ لەم ناوچەیەدا ببینێ و ئەویش زۆر باش لەوە تێگەیشتووە و ماوەی پێشووش وەفدێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێم بوون."
ئەو شارەزایەی كاروباری توركیا هەروەها دەڵێت: "كۆمپانیاكانی بەبازاڕكردنی نەوت ئەوانەی كە ئەمڕۆ رۆحی گڵۆباڵیزم و رۆحی سیاسەتی ئەمەریكایی و بەریتانیان بە تایبەتی كۆمپانیاكانی گازپرۆم، ئێكسۆن مۆبیل، تۆتاڵ، شیڤرۆن كە ئەو چوار هێزەن جیهان ئیدارە دەكەن، من بە دڵنیاییەوە دەڵێم ئەگەر ململانێ تەنها لە نێوان ئێكسۆن مۆبیل و حكوومەتی عێراقی لەسەر رۆیشتنی نەوت دروست بێ، حكوومەتی عێراق ئەو باجەی كە بۆ شەڕی كوێت لە نەوتەكەی دەگێڕدرێتەوە، دەبێ 20 ساڵی دیكەش ئەو باجە بدات كە لە دادگا بە ئیكسۆنی دەدۆڕێنێ، هیچ دەوڵەتێكیش لە جیهان ئامادە نییە ململانێ لەگەڵ ئێكسۆن مۆبیل یان لەگەڵ تۆتاڵ یاخود شیڤرۆن بكات، چونكە كارێكی پڕزەحمەتە."




