مووسڵ.. ئەفسەرێكی كوردی شەبەك كوژرا

مووسڵ - تایبەت بە KDP.INFO- سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە پارێزگای مووسڵ، ئەفسەرێكی كوردی شەبەك بە پلەی نەقیب، كوژرا.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ سەعید مەمووزینی، بە KDP.INFOـی ڕایگەیاند: بەیانیی ئەمڕۆ لە رێگای نێوان مووسڵ-تكریت ئەفسەرێكی كوردی شەبەك بە پلەی نەقیب بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلەكەیدا تەقییەوە و لە ئاكامدا گیانی لە دەست دا.
سەعید مەمووزینی زیاتر گوتی: ئەو ئەفسەرە ناوی (فارس جاسم)ـە و خەڵكی كۆمەڵگای بازیوەیە كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی مووسڵەوە.
مەمووزینی هەروەها ڕوونیشی كردەوە: پێشتر ئەو ئەفسەرە لە ریزەكانی سوپای عێراق لە مووسڵ دەوامی دەكرد، بەڵام بەم دواییانە گوازرایەوە بۆ پارێزگای تكریت.
بەپێی ئامارێك، لە مانگی رابردوودا لە پارێزگای مووسڵ 195 كەس لە ئەنجامی كردەوە تیرۆرستییەكاندا كوژراون، كە 10 كەسیان كورد بوون.
بڵند ئیبراھیم




