تا ئێستا 9 كەس لەسەر كوشتنی ژنە 15 ساڵانەكە دەستگیر كراون

دهۆك- تایبەت بە kdp.info- گوتەبێژی پۆلیسی دهۆك ڕایگەیاند، تاوەكو ئێستا نۆ كەس لەسەر كوشتنی ژنە15 ساڵانەكە دەستگیر كراون، بەڵام هێشتا تاوانباری سەرەكی دەستگیر نەكراوە.
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆك بریندار حەمید، بە kdp.infoـی ڕاگەیاند: پێشتر شایەتحاڵێكی مارەبڕینی دونیا سلێمان دەستگیر كرابوو، ئەمڕۆش توانییان شایەتحاڵەكەی دیكە و مامۆستا ئایینییەكە دەستگیر بكەن، ئەمانەش بەپێی مادەی دوو لە بڕگەی یەكەم لە یاسای توندوتیژیی دژی خێزانی دەستگیر كراون.
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆك گوتیشی: تاوەكو ئێستا تاوانباری سەرەكیی كوشتنی ژنە 15 ساڵانەكە دەستگیر نەكراوە، بۆ بەدواداچوون و دەستگیركردنی ئەو تاوانبارەش لیژنەیەك پێك هاتووە.
بریندار حەمید ڕوونیشی كردەوە: دۆسیەیەك بۆ دایك و باوكی دنیاش كرابووە، بەڵام بە كەفالەت ئازاد كراون.
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆك راشیگەیاند: لەسەر كوشتنی ئەو ژنە 15 ساڵانە باوك و چوار برای مێردی دونیا دەستگیر كراون و تاوانباری سەرەكییش هەڵاتووە، كە ئەمانە بەپێی ماددەی 406ـی كوشتن دەستگیر كراون.
لە رۆژی 23/5/2014 دونیا سلێمانی 15 ساڵ لە كۆمەڵگای كەڵەكچی لە لایەن مێردەكەیە بە شێوەیەكی دڕندانە كوژرا، ئەمەش كاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.
بڵند ئیبراهیم




