خەسرۆ گۆران: زۆرینەی سكاڵاكانی پارتی لە مووسڵ تۆمار كراون

هەولێر- KDP.info- بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "سكاڵای خۆمان داوەتە كۆمسیۆن و چاوەڕێ دەكەین كۆمسیۆن بە فەرمی وەڵاممان بداتەوە". ئەوەیش دەخاتە روو كە لە سەرجەم شارەكاندا پارتی سكاڵای هەیە.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان خەسرۆ گۆران، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "پارتی دیموكراتی كوردستان لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، مووسڵ، دیالە و بەغدا و سەرجەم شارەكانی دیكە سكاڵای لەسەر هەڵبژاردنەكان هەبووە، بەڵام ئەمڕۆ 1/6/2014 دواوادەی تۆماركردنی سكاڵا بووە، بۆیە ئێمەش وەك پارتی دیموكراتی كوردستان چاوەڕوانی دەرئەنجامی دوای لێكۆڵینەوەی كۆمسیۆن دەكەین".
گۆران دەشڵێت: "زۆربەی ئەو سكاڵایانەی پارتی تۆماری كردوون لە پارێزگای مووسڵن". هاوكات بە دووری زانی سكاڵای لایەنەكان ببێتە هۆی گۆڕینی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان. گوتیشی: "ئەگەر بەڵگەیەك بەهێز بێت و ڕاستی بسەلمێنرێت، ئەو كاتە دەشێ بەپێی قورسایی سكاڵاكە كار بكاتە سەر دەرئەنجامی هەر سندووقێكی دەنگدان، ئەمەش لە كاتێكدایە كە سەرجەم لایەنەكان سكاڵایان تۆمار كردووە".




