لقی 1ـی پارتی: هێشتا هەنگاو بۆ دروستكردنی حكوومەتی خۆجێیی نەنراوە

هەولێر- KDP.info-بەرپرسی لقی 1ـی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: پارتی 19 كورسیی بە دەست هێناوە و دەتوانێ حكوومەتی خۆجێیی لە دهۆك دروست بكات. ئەوەش دەخاتە ڕوو كە تا ئێستا ڕوون نییە ئاخۆ هەموو ئەو لایەنانەی دەنگیان هێناوە بەشدار دەبن یاخود نا.
بەرپرسی لقی 1ـی پارتی دیموكراتی كوردستان عەبدولخالق بابیری، بۆ kdp.infoگوتی: تا ئێستا ئێمە هیچ هەنگاوێكمان بە ئاراستەی دروستكردنی حكوومەتی خۆجێیی لە دهۆك نەناوە، چونكە دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن تازە راگەیاندراون و دەبێ ئەو ئەنجامانەش بچەسپێن و سكاڵاكانی دادگا تەواو ببن، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پارتی 19 كورسیی بە دەست هێناوە و دەتوانێ حكوومەتی خۆجێیی لە دهۆك دروست بكات، تا ئێستاش ڕوون نییە ئاخۆ هەموو ئەو لایەنانەی دەنگیان هێناوە بەشدار دەبن یاخود نا.
سەبارەت بە زانینی دەرئەنجام و راگەیاندنی لەلایەن كۆمسیۆن و هەنگاونان بە ئاراستەی دروستكردنی حكوومەتی خۆجێیی لە دهۆك، عەبدولخالق بابیری گوتی: ئەنجامەكانمان لە بەردەستدایە، بەڵام چاوەڕێی سكاڵا و بڕیاری دادگا دەكەین تا ئەوە تێپەڕێت، ئیجا وێنەكە لە بەرچاومان روون دەبێ كە ئێمە بۆ دروستكردنی حكوومەتی خۆجێیی دهۆك چی دەكەین.
بابیری گوتیشی: ئێمە دەخوازین كە هەموو ئەو لایەنانەی كورسییان لە هەڵبژاردندا بە دەست هێناوە ئاگامان لە یەكدی هەبێت و بە یەكەوە كار بكەین، چونكە لەم قۆناغەدا پێویستمان بە یەكگرتوویی ناو ماڵی كوردییە و ئامانجی ئێمە ئەوەیە ناوماڵی كوردی یەكگرتوو بێ، چونكە زۆر كێشەی سیاسیی گەورە لەپێش هەرێم و خەڵكی كوردستانە، ئەو كێشانەی كە بە چارەنووسی نەتەوەیی خەڵكی كوردستانەوە گرێ دراون، وا شی دەبینین كە دەرفەتێكی گەورە بۆ كوردان هاتووەتە پێش.
بەرپرسی لقی 1ـی پارتی ئەوەشی خستە ڕوو: ئێمە وەك پارتی پێمان باشە چ حكوومەتی خۆجێیی و چ حكوومەتی هەرێمیش، لەسەر بنەمای یەكگرتنی هەموو لایەنەكان پێك بهێنرێن.




