بەشیر ئاتاڵای: نەخشەڕێگەی نوێ بۆ قۆناخی چارەسەری ئامادە كراوە

ئانکارا- KDP.info- جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا دەڵێ، بۆ ئەوەی قۆناخی چارەسەری زوو بگاتە ئەنجام، لەسەر نەخشەڕێگەیەكی نوێ كار دەكەن.
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا بەشیر ئاتاڵای، لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا باسی لە چەندین پرس و بابەتی گرنگی رۆژەڤی سیاسیی توركیا و هەوڵًەكانی حكوومەتی ئەو وڵاتە بۆ سەرخستنی قۆناغی چارەسەریی پرسی كورد، كرد.
بەشیر ئاتاڵای لە بارەی قۆناخی چارەسەریی پرسی كوردەوە گوتی: قۆناغی چارەسەری بەردەوام هیچ كێشە و گرفتێكی تێ نەكەوتووە، دیالۆگی نێوان لایەنەكانیش درێژەیان هەیە، هەفتەی رابردوو لەگەڵ چەند لایەنێكی سیاسی لەو بارەوە كۆ بوونەوە ئەنجام دراوە، هەر كەس دەزانێ كە حكوومەت چەندە گرنگی بە قۆناخی چارەسەری دەدا، حاڵی حازر قۆناخی چارەسەری گرینگترین پڕۆژەی بەردەستی حكوومەتی توركیایە و حكوومەت بەوپەڕی دڵسۆزی و شەفافییەوە لەسەر ئەو پڕۆژەیە كار دەكات.
بەشیر ئاتاڵای هەروەها ئاماژەی دا: لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا بۆ یەكەم جار لە ناوچەكەدا خەڵك دوور لە توندوتیژی رووی لە سندووقەكانی دەنگدان كردووە، خەڵكی ناوچەكەیش چیی دیكە تیرۆر و توندوتیژیی نایەوێ، رێژەی سەرمایەگوزاریكردن لە ناوچەكەدا زیادی كردووە، بۆیە ئاستی ستانداردی ژیان لە ناوچەكەدا وردە وردە باشتر و بەرزتر دەبێ و، بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری ئەو كارانە نابین، بەڵام چەند كەس و لایەنێك هەوڵ بۆ تێكدانی ئەو بارودۆخە باشە دەدەن كە لە ناوچەكەدا هاتووەتە ئاراوە و ئەوانەی كە دەیانەوێ دووبارە توندوتیژی روو لە ناوچەكە بكاتەوە، سەركەوتوو نابن.
ئاتاڵای بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانی دا: چیی دیكە خەڵكی ناوچەكە دەرفەت بەو كەسانە نادا كە هەوڵ بۆ ئاڵۆزكردنی بارودۆخەكە دەدەن، چونكە بەشێكی زۆری دانیشتووانی ناوچەكە پشتگیری لە قۆناخی چارەسەری دەكەن، سەرەتا تۆزێك شك و گومان هەبوو، دانیشتووانی ناوچەكانی دیكە رەخنەیان لە حكوومەت دەگرت، چونكە هێشتا بە باشی نەیاندەزانی كە ئەو پڕۆژەیە چییە و سوودی بۆ كێ هەیە، بەڵام حاڵی حازر هەموو خەڵكی توركیا پشتگیری لەو قۆناغە دەكەن.
هیوا ئەردەلان




