دوو كۆمپانیای بواری نەوت گرێبەست لەگەڵ هەرێمدا واژۆ دەكەن

هەفتەی رابردوو، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا کە لەم هەفتەیەدا دەست بە هەناردەکردنی نەوت دەکاتەوە.
وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێم د. ئاشتی هەورامی ڕایگەیاند كە بۆ دروستکردنی متمانە لەگەڵ حکوومەتی عێراق و چارەكردنی کێشەکانی پەیوەست بە نەوت و غازەوە، حکوومەتی هەرێم بڕیاری دا كە دووبارە نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بكاتەوە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ئاماژە بەوەیش دەدات كە لەگەڵ هەبوونی ناڕەزایی سەرەتایی لە لایەن کۆمپانیا جیهانییەکانی وەبەرهێنی نەوت لە کوردستاندا، بەڵام کۆمپانیاکان ڕازی کراون بە دووبارە دەستکردن بە هەناردەکردنی ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا و ئەگەر پارەکان بدرێن، ئەوا دەتوانن ئەو بڕە بۆ ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا زیاد بکەن.
هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، لە كاتێكدایە كە بەردەوام كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوت لە جیهاندا، بۆ دەرهێنانی نەوت روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.
هەفتەی رابردوو كۆمپانیای گازپرۆم كە گەورەترین كۆمپانیای نەوتی ڕووسیاییە، گرێبەستێكی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا واژۆ كرد بە مەبەستی دەرهێنانی نەوت لە ناوچەی گەرمیان.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەری ڕووسیا ئەلیەوم، كۆمپانیای گازپرۆم لە هەردوو لەكێڵگەكانی گەرمیان و شاكەل لە قەزای كەلار دەست بە دەرهێنانی نەوت دەكات كە بڕی نەوتی یەدەك لەو دوو كێڵگەیەدا نزیكەی سێ ملیار و 600 ملیۆن بەرمیل نەوت دەبێت كە بە هاوكاریی كۆمپانیایەكی كەنەدی دەبێت و بەپێی گرێبەستەكەیش پێویستە تاوەكوو ساڵی 2015 دەرهێنانی نەوت لەو دوو كێڵگەیەدا دەست پێبكات.
كۆمپانیای گازپرۆم كە مەزنترین كۆمپانیای ڕووسیایە و نووسینگەی سەرەكیی لە مۆسكۆیە، بە گەورەترین تۆڕی گواستنەوەی گاز لە جیهاندا دادەنرێت كە 25%ـی گازی ئەورووپا دابین دەكات.
لە لایەكی دیكەوە، دووەم گەورە كۆمپانیای دنیا لە بواری نەوت گرێبەستێكی گەڕان بە دوای نەوتی لەگەڵ هەرێمدا ئیمزا كردووە و بەپێی رێككەوتنەكە، 35%ـی پشكی كۆمپانیای ماراسۆن ئۆیڵـی ئەمەریكایی لە هەردوو بلۆكی هەریر و سەفین بۆ كۆمپانیای تۆتال دەبێ.
جێی باسە، لە 19ـی مانگی رابردوویشدا كۆمپانیای شیڤڕۆنی ئەمەریكایی كە بە دووەم گەورە كۆمپانیای كەرتی نەوت لە دوای ئێكسۆن مۆبیل دێتە هەژماركردن، زۆرینەی پشكەكانی كۆمپانیای ریالینزی هیندستانی كڕییەوە و گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان واژۆ كرد.
كۆمپانیای تۆتاڵ كە لە ساڵی 1924ـدا دامەزراوە و خاوەنی 69 هەزار فەرمانبەرە، بە شەشەم گەورەترین كۆمپانیای جیهانیی بواری نەوت دێتە هەژماركردن.




