٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەوتی كوردستان بەپێی دەستوور دەڕوات و سكاڵاكانی بەغدایش كاریگەرییان نابێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info- مامۆستایەكی زانكۆ دەڵێت، هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی نەوت هەناردە بكات. جەختیش دەکاتەوە كە ئەوە بەغدایە سیاسەتێكی شكستخواردووی لە سیاسەتی نەوتدا پەیڕەو كردووە.

مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین د. خەلیل ئیسماعیل، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بوعدێكی سیاسی و ئابووریی هەیە، دیارە کە پێشتر هەرێمی كوردستان ماوەیەكی زۆر بوو چەقی قورساییەکەی خستبووە سەر لایەنی سیاسی، ئەمەیش لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ لایەنی ئابووری زۆر گرینگە و وای كردووە بابەتە سیاسییەكە ببێتە هاوكار یان پاڵپشتی لەوەی ڕۆڵی سەرەكی ببینێت لە جووڵاندنی ئەو كەیسە و، لە ئێستادا ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەوپێشەوە چووە، لە هەمان كاتدا سیاسەتی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی كاریگەری بینیوە لە بەرەوپێشچوونی كەیسی نەوت بە ئاراستەی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا."

دەربارەی ئەگەری بووژانەوەی بازاڕیش بە هۆی هەناردەكردنی نەوتەوە، د. خەلیل ئیسماعیل دەڵێت: "نەوت ئابوورییەكی گرینگە بەسەر بازاڕی هەموو جیهانەوە، هەر دەوڵەتێكیش ئابووری لەسەر نەوت بنیات بنێ ئەوا لە بازاڕەكانی جیهاندا ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت و، پێشبینی دەكەم کاریگەریی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان بەسەر بازاڕەكانی نەوتی جیهاندا ڕنگدانەوەی باشی هەبێت."

گوتیشی: "هەنگاوی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان پێچەوانەی دەستوور نییە، بەڵام بەداخەوە بەغدا رۆڵێكی نەرێنیی خراپی لە سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستاندا بینی كە ئەوەش نەك بابەتی هەناردەكردنی نەوتی لە عێراق نەبردە پێشەوە، بەڵكوو سیاسەتێكی شكستخواردوو پەیڕەو كرا كە دواجار زیانی بۆ هەموو عێراق هەبوو."

ئاماژەیشی دا كە لەبەر ئەوەی هەنگاوەكانی هەرێمی كوردستان دەستووری و یاسایین، ئەو سكاڵایانەی بەغدا هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر هەناردەكردنی نەوت لە كوردستان بۆ دەرەوە نابێت.

کارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار