فەلاح مستەفا: قەداسەتی پاپایش وەک وڵاتگەلی ئەورووپایی بەدیهاتنی مافەکانی کورد بە ڕەوا دەبینێت

هەولێر - KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ لای پاپای ڤاتیكان زۆر بە بایەخەوە سەیر دەكرێت. ڕوونیشی دەكاتەوە كە پاپا، سەقامگیری و بەرەوپێشچوونی هەرێمی كوردستانی بەرز نرخاندووە و سیاسەت و هەنگاوەکانی ئێستاو داهاتووی حکوومەتی هەرێمیش بە ڕەوا دەبینێت.
لەبارەی سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ لای پاپای ڤاتیكان، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەلاح مستەفا، بۆ KDP.infoگوتی: "شوێن و پێگەی پاپا لە جیهاندا بە گشتی گرینگە، بۆیە ئەو جۆرە دیدار و سەردانانە بە بایەخەوە سەیر دەكرێن نەك تەنیا لە لایەن ئێمەی كورد و كوردستانیان، بەڵكو لە لایەن وڵاتانی جیهانیشەوە، بۆیە كاتێك كە ئێمە لەگەڵ نوێنەرانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی باسی ئەو دیدارەمان كرد، هەموو بە بایەخەوە سەیریان دەكرد، چونكە هەموو لایەك لەو پێگە باشەی پاپای ڤاتیكان ئاگادارن".
گوتیشی: "خاڵی گرینگ و جێی دڵخۆشی ئەوەیە، قەداسەتی پاپا ئێش ئەوەی كە بیشبێتە پاپا كاتێك لە وڵاتی خۆی بووە، ئاگاداری ئازار و مەینەتییەكانی گەلی كورد بووە كە مایەی خۆشحاڵییە كەسایەتییەكی لەو شێوەیە ئاگاداری بارودۆخی گەلی كورد بێت و بە جەنابی سەرۆكیشی گوتووە كە ئاگاداری ئەو ئارامی و سەقامگیری و بەرەوپێشچوونەی هەرێمی كوردستانن و دەستخۆشی لە سەرۆكی هەرێم كردووە بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر لە پرسی ئاشتی و پێكەوەژیان و تەبایی و دیالۆگدا".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە سەرۆك بارزانی باسی لەوە كردووە دەبێت سیستەمی حوكمڕانیی دادوەر هەبێت بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان و دیالۆگ و بەردەوامیی هەبێت تا سەر بكەوێت.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم ئاماژەیشی دا، لە ئاستی وڵاتانی دەرەوە و قەداسەتی پاپا، بەرچاوڕوونییەك لەسەر سیاسەتی هەرێمی كوردستان و كرانەوەی بە ڕووی دیموكراتییەت و پەیوەندیی باش لەگەڵ وڵاتاندا هەیە، بۆیە سەرجەم ئەو هەوڵانەی هەرێمی كوردستان لە بەرچاو دەگیرێن و بە سیاسەتێكی پەسەند و ڕەوا ناوی دەبرێت.




