٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

کوردستان تی ڤی: خێرە سێرە لە كوردستان تی ڤی گیراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  کەناڵی ئاسمانیی "کوردستان تی ڤی"، سەرسوڕمانی خۆی لە بەئامانجگرتنی ڕاپۆرتێکی کە پێوەست بووە بە ڕووداوەکەی کەلەکچی، کە لە هەندێ سایت و پێگەی ئەلیكترۆنیدا لێكدانەوەی بەمەبەستی بۆ کراوە،  نیشان دەدات و دەڵێت، "كوردستان تی ڤی لە سەرەتای ئەم رووداوە و رووداوەكانی تری لەم جۆرە هەوڵی داوە كە بنەما پیشەییەكانی كاری رۆژنامەوانی رەچاو بكات و خۆی دوور بگرێت لەلایەنگیری و تەئكید لەسەر پرەنسیپەكانمان لە سەروەری یاسا و مافەكانی مرۆڤ و ریسواكردنی تاوانی كوشتنی ئافرەتان دەكەینەوە."

لە ڕوونکردنەوەیەکیدا کە وێنەیەکی بۆ نێردراوە، هاوکات ڕایدەگەیەنێت، "ئەوەی جێگەی پرسیارە لای ئێمە كە خێرە سێرە لە كوردستان تی ڤی گیراوە، كەچی هەر لەو رۆژەدا راپۆرت بەهەمان ناوەڕۆك لەسەر ئەو خۆپیشاندانە لە كەناڵی دیكەش بڵاو كراوەتەوە."

 

دەقی روونكردنەوەی كوردستان تی ڤی:

ئێوارەی پێنج شەممە 29/5/2014 راپۆرتێك لەلایەن پەیامنێرمان عەزیز ئەحمەد بەناونیشانی (خۆپیشاندان لەدژی كوشتنی دونیا و كاردانەوە و لێدوانەكان لەناحیەی كەلەكچی) ئامادەكرابوو لەبڵاوكراوەی كاتژمێر 8.30ی ئێوارەی هەمان رۆژ لە كوردستان تی ڤی بڵاوكرایەوە.

       خۆپیشاندانەكەش لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵكی ناحیەی كەلەكچی بۆ دەربڕینی بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەم بابەتە رێكخرابوو و تیایدا بیروبۆچوونی جۆراوجۆر لەسەر ئەم كەیسە خرایەڕوو. پەیامنێری كوردستان تی ڤی لە راپۆرتەكەیدا وەك كاری پیشەیی خۆی تەواوی بیروبۆچوونەكانی ناو خۆپیشاندانەكە خستبووە ناو راپۆرتەكەی.

       لەدوو رۆژی رابردوو لەهەندێ سایت و پێگەی ئەلیكترۆنی لێكدانەوەی بەمەبەست لەسەر ئەم راپۆرتەی كوردستان تی ڤی كراوە.

      ئێمە لێرەوە بەهەموو لایەكی رادەگەیەنین كە كوردستان تی ڤی لەسەرەتای ئەم رووداوە و رووداوەكانی تری لەم جۆرە هەوڵی داوە كە بنەما پیشەییەكانی كاری رۆژنامەوانی رەچاو بكات و خۆی دوور بگرێت لەلایەنگیری و تەئكید لەسەر پرەنسیپەكانمان لەسەروەری یاسا و مافەكانی مرۆڤ و ریسواكردنی تاوانی كوشتنی ئافرەتان دەكەینەوە، هەر لەسەرەتای ئەم رووداوەش كوردستان تی ڤی چەندین بەرنامە و راپۆرتی هەبووە لەمەڕ ریسواكردنی تاوانی كوشتنی دونیا.

       ئەگەر هەر هەڵە تێگەیشتنێكیش لەسەر ئەم راپۆرتە هەبووبێ ئەوا هیچ پەیوەندییەكی بە كوردستان تی ڤی یەوە نییە و تەنها گواستنەوەی راو بۆچوونی خەڵكەكەیە لە ناوچەكە و كوردستان تی ڤی لێی بەرپرسیار نییە، وەكو پەیامنێرەكەشمان لە كۆتایی راپۆرتەكە جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەوەی لە راپۆرتەكە هاتووە (گوتەی خەڵكە).

       ئەوەی جێگەی پرسیارە لای ئێمە كە خێرە سێرە لە كوردستان تی ڤی گیراوە، كەچی هەر لەو رۆژەدا راپۆرت بەهەمان ناوەڕۆك لەسەر ئەو خۆپیشاندانە لە كەناڵی دیكەش بڵاوكراوەتەوە.

 

كوردستان تی ڤی

31/5/2014

هەواڵی پەیوەندیدار